ڕۆجێر فێدرێر بەرەو قۆناغی چارەکی کۆتایی پەڕیەوە

06/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

یارییەکانی تێنسی سەرزەوی ویمبڵدۆن کە لە قۆناغی چوارەمدایە لەسەر ئاستی کوران ململانێکان بەردەوامە کە لە یەکێک لە یاریەکاندا ڕۆجێر فێدرێری سویسری و لۆرنزۆ سۆنیگۆی ئیتاڵی بە یەک گەیشتن، دوای ئەوەی لە سەرەتاوە ھەردوولا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن و لە ڕکابەرییەکی بەھێزدا بوون، بەڵام فێدرێر توانی ٧-٥ ئەو کۆمەڵەیە بگرێت و ھەنگاوی یەکەم بەرەو سەرکەوتن ببات.

بۆ کۆمەڵەی دووەم ئەگەرچی سۆنیگۆ ھەوڵی گەڕانەوەیدا، بەڵام ٦-٤ ئەو کۆمەڵەیەش بە سوودی مایسترۆ سویسرییەکە کۆتایی ھات و تەنھا ھەنگاوێکی مابوو بۆ گەیشتن بە بردنەوە.


لە کۆمەڵەی سێیەم و کۆتاییدا کە دوا کۆمەڵەش بوو بۆ فێدرێر، جیاواز لەوانیتر بەڕێوەچوو کاتێک فێدرێر وەک ھەرەتی لاویەتی دەرکەوت و ٦-٢ بووە براوە و یارییەکەی بە ٣ کۆمەڵەی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا کردەوە.