ئەمریکا و ئێران رەتیدەکەنەوە نزیکبن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتی

09/06/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمریکا و ئێران رەتیدەکەنەوە نزیکبن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتی ئەتۆمی، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنوردار بکات و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ھەڵبگرێت.

دوای ئەوەی پێگەی ( میدڵ ئێست ئای) لە راپۆرتێکدا ئاماژەیکرد بە نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا لە رێککەوتنێکی کاتی ئەتۆمی کە بە پێی ئەو رێککەوتنەکە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەمدەکاتەوە، ئەمریکاش سزاکانی سەر ئەو وڵاتە ھەڵدەگرێت. 

لە کاردانەوەیەکدا وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا راپۆرتەکەی بە ناراست و ناڕوون ناوبردوو رایگەیاند، ھەر راپۆرتێک لەبارەی رێککەوتنی کاتی بڵاودەکرێتەوە ناراستە، ھاوکات نێردەی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەھەمان شێوە راپۆرتەکەی رەتکردەوە.

ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان لەدوای ھەرەسھێنانی دانوستانە ناراستەوخۆکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ لە ھەوڵی دۆزینەوەی رێگەیەکدان بۆ سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، یەکێک لە چارەسەرەکانیش رێککەوتنی کاتییە کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنوردار بکات و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ھەڵبگرێت.