ئۆپۆزسیۆنی تورکیا: خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان نادەستورییە

22/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان بۆ خولی سێیەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە نادەستوری ناودەبات، و دژی ئەو بڕیارەش سکاڵایەکی لە دامەزراوەی ھەڵبژاردنەکان تۆمارکرد.

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) کە یەکێکە لە حزبەکانی ھاوپەیمانی میللەت، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ھاوپەیمانی میللەت ناڕازییە لە خۆکاندیدکردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئایاری ئەمساڵ، چونکە ناوبراو دوو خول وەک سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دژی خۆ کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان سکاڵایەکیان لە دامەزراوەی ھەڵبژاردن تۆمارکردوە، چونکە داواکارییەکە نادەستوورییە، لەبارەی ھەڵبژاردنیشەوە وتی، ئێستا بڕیاری ھەڵبژاردن دراوە و ئەوان بەرەو ھەڵبژاردن دەڕۆن و ئامادەن و پێویستە پەلە بکەن بۆ کاری باش.

رۆژی سێشەممە، ھاوپەیمانی جمھووری دەسەڵاتداری تورکیا، داواکاری کاندیدکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بۆھەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کرد، بەگوێرەی راپرسییەکانیش ئەردۆغان روبەڕوی رکابەرییەکی سەختی کەمال کڵیچدارئۆغلۆ، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە.