ھەدەپە بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدی سەرۆککۆمار دەدات

22/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمڕۆ ھەدەپە بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدی سەرۆککۆماری تورکیا دەدات و پێدەچێت بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو بکات.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی کاندیدی سەرۆک کۆمار دەدات، دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکە رادەگەیەندرێت. 

بە پێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ھەدەپە کاندیدی سەرۆک کۆماری نابێت و بەم جۆرەش بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەھەپە و کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت دەکات کە لە شەش پارت پێکھاتوون.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە کۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوویاندا، ھەدەپە و کڵچدارئۆغڵو لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی و ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ھەدەپە لە ھەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار دەنگ بە کڵچدارئۆغڵو دەدات.

بە پێی زۆربەی راپرسییە ئەنجامدراوەکان، دەنگی ھەدەپە لەم ھەڵبژاردنەدا یەکلاکەرەوە دەبێت و بەپێی دواین راپرسیش کە کۆمپانیای ئاڤراسیا ئەنجامیداوە، ھەدەپە لەم ھەڵبژاردنەدا ١٠.٢٪ی دەنگەکان بەدەستدەھێنێت. ھەر بە پێی راپرسییەکە لە ھەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار کڵچدارئۆغڵو ٥٣.٥٪ی دەنگەکان بەدەستدەھێنێت و ئەردۆغانیش ٣٩.٧٪ی دەنگەکان بەدەستدەھێنێت.