زیلینسكی: 2023 ساڵی سەركەوتن دەبێت بۆ ئۆكراین

24/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە یەكەم ساڵیادی جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆكراین، ئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ و زۆرینەی وڵاتان هاتنەوە سەرخەت، بۆ دووپاتكردنەوەی پشتیوانییەكانیان بۆ ئۆكراین، هەمووانیش كۆكبوون لەسەر ئەوەی ئۆكراین بەهێزتر بووە و بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی و سزادانی زیاتری روسیا. خودی ڤۆلۆدمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینیش لە بەیانی یەكەم ساڵیادی جەنگەكە وتی، 2023 ساڵی سەركەوتن دەبێت و سەلماندمان كە ئۆكراین شكستیپێناهێندرێت.

لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر جەنگی ئۆکراین و روسیا، زۆرینەی وڵاتانی جیھان، ھاتنەوە سەر خەت و پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکراین لە دژی روسیا دووپاتکردەوە و کۆکن لەسەرئەوەی ئۆکراین بەھێزتربووە. 

ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەررۆکی ئۆکراین لە بەیانی یەکەم ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین، لە گرتیەکی ڤیدیۆیدا بڵاویکردەوە، ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی سەرکەوتن دەبێت و سەلماندمان کە ئۆکراین شکستیپێناھێندرێت. زیلینسکی دەشڵێت، روسیا بە نیازبوو لە دوای سێ رۆژ لە دەستپێکردنی جەنگەکەی ئۆکراین بکەوێت، بەڵام بەردەوام بوون و ساڵێک بەرگەیان گرت و بەردەوام دەبن لە پێداگیری کردن لە مافەکانیان. وتیشی، تا ئەو کاتەی بکوژانی روسی لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی یاخود بە دەستی سەربازانی خۆیان سزا نەدرێن، ناوەستن.

لە چوارچێوەی دووپاتکردنەوەی پشتیوانییەکانیشدا بۆ ئۆکراین، ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا و نیوزلەندا زنجیرەیەک سزای نوێیان بۆ سەر روسیا راگەیاند، کە کۆمپانیا و ژمارەیەک سیاسەتمەدار وسەرباز و بازرگانانی روسیا دەگرێتەوە. 

ھاوکات کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لە نیویۆرک، بە دەنگی ١٤١ وڵات داوای کشانەوەی خێرا و بێ مەرجی ھێزەکانی روسیای کرد لە ئۆکراین و داواشیکرد ئاشتی دادپەروەرانە وھەمیشەیی بەدیبھێندرێت. پشتیوانی خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین دەربڕی و داواشی کرد کردەوە توندوتیژییەکان رابگیرێن و ئاشتی دادپەروەرانە و ھەمیشەیی بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراین بەدیبێت. ھەر لە کۆبوونەوەکە، ٣٢ وڵات لە نێویاندا ھندستان و چین دەنگیان نەدا و حەوت وڵاتیش کە "روسیا و بیلاروس و کۆریای باکور و مالی و نیکاراگوا و سوریا و ئیریتریا" بوون، لە دژی بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی روسیا لە ئۆکراین دەنگیاندا.

وڵاتی چینیش دەستپێشخەرییەکەی بۆ چارەسەری قەیرانی روسیا و ئۆکراین لە ١٢ خاڵدا خستەڕوو، تێیدا جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی رێزگرتن لە سەروەری خاکی وڵاتان بەبێ رەچاوکردنی قەبارە و ھێز و سامانەکەی و دەبێت رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت. ھەروەھا، داواکراوە واز لە عەقڵییەتی شەڕی سارد بھێندرێت ، چونکە ناکرێت گرەنتی ئەمنیەتی وڵاتێک لەسەر حسابی وڵاتێکی تر بکرێت.چین داواشی کردووە بە زووترین کات جەنگ و ئاڵۆزییەکان رابگیرێت، چونکە ھیچ لایەنێک لە جەنگدا براوە نییە. داواشیکردووە بە زووترین کات دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان مۆسکۆ و کێێڤ دەستپێبکاتەوە، چونکە دانوستان تاکە رێگەیە بۆ چوونە دەرەوە لە قەیرانی ئۆکراین. 

ینس ستۆڵتنبێرگ ، سکرتێری گشتی ناتۆش ئاماژەی بەوەدا کە، روسیا شکستیھێناوە و ئۆکراین بەرگە دەگرێت و ناتۆش بەھێزتر بووە، جەنگەکەی پوتنیش دژی ئۆکراین نایاساییە.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسۆنی ئەوروپاش دەنگی خستە پاڵ دەنگی سکرتێری ناتۆ و رایگەیاند، ئۆکراین لەجاران بەھێزترە. 

جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش رایگەیاندووە، کاروانێکی نوێی ھاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکراین دەکەن، کە بڕەکەی دوو ملیار دۆلارە.