بەرپرسانی ئەمریکا و کەنەدا نیگەرانن لە بوونی باڵۆنی سیخوڕی چین لە ئاسمانی وڵاتەکانیان

03/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بوونی دوو باڵۆنی سیخوڕی چین لە ئاسمانی ئەمریکا و کەنەدا بەرپرسانی ھەردوو وڵاتی شڵەژاندوەو بە چڕی چاودێری جوڵەی باڵۆنەکان دەکەن.

چەند رۆژێکە باڵۆنێکی سیخوڕی چینی لە بەرزاییەکی زۆری ئاسمانی باکوری خۆرئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەتایبەت لە ئاسمانی پێگە سەربازییە ھەستیارەکان و مووشەکە ستراتیژییەکان ئاشکرا کراوە، ئەمەش ئیدارەی کۆشکی سپی نیگەران کردووەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندوە، بەووردی چاودێری باڵۆنەکە دەکات . ھاوکات بەرپرسێکی پنتاگۆن جەختیکردۆتەوە باڵۆنەکە نابێتە ھەڕەشەیەکی ھەواڵگری مەترسیدار.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش لەسەر داوای سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگری و بەرپرسانی پنتاگۆن تاوتوێی خستنەخوارەوەی باڵۆنەکەیان کرد، بەڵام لەدواجاردا لە بڕیارەکە پاشگەزبوونەوەو پێیان وابوو لەوانەیە لەسەر زەوی مەترسی بۆ خەڵک دروستبکات.

ھەروەھا وەزارەتی بەرگری کەنەداش بوونی باڵۆنێکی سیخوڕی چینی لە ئاسمانی وڵاتەکەی پشتراستکردەوەو رایگەیاند، ھەموو رێکارێک دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەیان.