جەعفەر پەناھی دەرھێنەری سینەمای ئێران لە زیندان مانگرتنی لەخواردن راگەیاند

02/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

جەعفەر پەناھی دەرھێنەری دیاری سینەمای ئێران کە ماوەی شەش مانگە دەستگیرکراوە، وەک ناڕەزاییەک لەبەرامبەر رەفتارەکانی ناو زیندان مانگرتنی لەخواردن دەستپێکرد.

جەعفەر پەناھی لەبارەی مانگرتنی لە خواردن رایگەیاندوە، جگەلە ژیانی خۆی ھیچ بژاردەیەکی تری نەبووە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر دۆخی ناو زیندانی ئێڤین و بەھیچ جۆرێک خواردن و خواردنەوەو چارەسەر وەرناگرێت تاکو ئازاد دەکرێت، دەشڵێت، بەردەوام دەبێت لەسەر ھەڵوێستەکەی تەنانەت ئەگەر جەستەی بێ گیانی ببرێتەدەرەوە.

جەعفەر پەناھی تەمەن ٦٢ ساڵ یەکێکە لە دەرھێنەرە دیارەکانی سینەمای ئێران و فیلمەکانی بەشداری چەندین فێستیڤاڵی جیھانییان کردووە،  لە ١١ی تەموزی ساڵی رابردوو  دەستگیرکراوە بۆ تەواوکردنی سزای زیندانی شەش ساڵ کەلە ساڵی ٢٠١٠ بەتۆمەتی پروپاگەندە دژی دەسەڵات بەسەریدا سەپێنراوە.