محەمەد بەلداوی: تێکڕای بودجەی ئەمساڵی عێراق ٢٢٠ ترلیۆن دینار دەبێت
کوردسات نیوز
محەمەد بەلداوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێدەچێت پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ کە پەسەندکرا بۆ ماوەی سێ ساڵ بێت و پشکی ھەرێمیش تێیدا ھاوشێوەی ساڵی ٢٠٢١ کە ١٢.٦% بوو.
محەمەد بەلداوی سەرۆکی لیژنەی پلاندانان و چاودێری پڕۆگرامی حکومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و تەواوی بەندەکانی لە ئەنجومەنی وەزیران کۆتاییھاتووە و ھەفتەی داھاتووش لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەردەدرێت و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
وتیشی، پێشبینیدەکرێت تێکڕای بودجە ٢٢٠ ترلیۆن دینار بێت و ٦٢% بۆ ٦٤%ی بۆ بودجەی بەکاربردن دەبێت و ئەوەی تری بۆ بودجەی وەبەرھێنان دەبێت، پێشبینیشدەکرێت پڕۆژەیاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بێت.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ھەرێم و بەغدادیش، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، دانوستان لەنێوان ھەرێم و بەغداد ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ماددەکانی تایبەت بە ھەرێم لە پڕۆژەیاسای ساڵی ٢٠٢٣ دا ھیچ جیاوازییەکی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ نییە.
|