ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر رەوشی عێراق کۆدەبێتەوە

02/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە رەوشی عێراق ئەنجام دەدات.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دەبێت و تایبەت دەبێت بە رەوشی عێراق. 

لە کۆبوونەوەکەدا جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق یونامی، نوێترین راپۆرت سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکان سەبارەت بە رەوشی سیاسی و خزمەتگوزاری و ئابوری و مرۆیی عێراق دەخاتەڕوو. 

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پلاسخارت پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە و داوای یەکگرتوویی لایەنەکانیشی کرد، راشیگەیاند گەندەڵی لە عێراق بووەتە کێشەیەکی زۆر گەورە.