فراکسیۆنی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی نوسراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاوکردەوە

25/06/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە لە بارەی نوسراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە سەردانی پەرلەمانتاران بۆ پڕۆژەکان.

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکی ناڕەزایی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد، نوسراوێک کە سەرۆکی پەرلەمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە و تایبەتە بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پەرلەمانتار، کە بەدواداچوونی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانە لەسەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پڕۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بواری بەڵێندەرایەتیی وەبەرھێنان.


 لە یاداشتەکەدا ھاتووە، ئەو نوسراوە جگە لەوەی ھیچ پاڵپشتیەکی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی نییە، لە ھەمان کاتدا بە لێدان و کەمکردنەوە لە شکۆ و ئەرک و بەرپرسیاریەتی پیشەیی کاری پەرلەمانیی دەزانن، ئەو نووسراوە لە ژێر ھەر پاساو و ناوێکدا کرابێت، تەواو نایاساییە، داواش دەکات ئەو نووسراوە ھەڵبوەشێنرێتەوە.


فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان جەختیشیکردووەتەوە، دەکرێت لە ڕێگەی پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی ورد بکرێت و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا، سزای ھەر ئەندامێک بدرێت، ئەگەر پێگە و ناوی پەرلەمان و کاری پەرلەمانتاریی بە خراپ بەکارھێنابێت.