بەڕێوەبەری پێشووی باجەکانی عێراق و ھاوسەرەکەی دەستگیرکران

31/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی دەستپاکی عێراق، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی باجەکان و ھاوسەرەکەی راگەیاند، کە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی پارە.

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، تیمەکانی دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ئۆپراسیۆنێکدا چوار تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی باجەکان و ھاوسەرەکەی لەناو دەستگیرکراوەکاندان و تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی پارە و بازرگانیکردن بە پۆستە گشتییەکان و وەرگرتنی بەرتیل.

راشیگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستبەسەر یەک ملیار و ٢٢٧ ملیۆن دیناری عێراقی و ٥٥٦ ھەزار و ٩٠٠ دۆلاری ئەمریکی و بڕێکی زۆر ئاڵتووندا گیراوە، ھەروەھا دەستیش بەسەر تاپۆی ١١ خانوودا گیراوە، کە نۆ خانوویان لە ناوخۆی عێراق و دووانەکەی تر لە دەرەوەی عێراقن.