دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

31/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەھۆی خراپی کەشوھەواوە، دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا.

سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵییەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و ھۆکارەکەشی بۆ خراپی رەوشی کەشوھەوا گەڕێندراوەتەوە. 

بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر سێ سکاڵای تۆمارکراو کۆبێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.

رۆژی ٢٥ی ئەم مانگەش دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشاندەوە، ئەوەش کاردانەوەی توندی چوار سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی بەدوای خۆیدا ھێنا.