بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی

30/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بانکی ناوەندی خستنەڕووی دۆلاری زیادکرد، بەڵام بەھۆی کەمی بڕەکەی بەراورد بە پێداویستی ناوخۆیی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و ئێستا ١٠٠ دۆلار بە زیاتر لە ١٦٦ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تەنھا ٩١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار بۆ فرۆشتن دەخاتەڕوو، لەو بڕە ٤٣ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلاری بە شێوەی حەواڵە دەبێت و ٤٨ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلاری دیکەش بە کاش دەفرۆشرێت، ئەو بڕەش بەراورد بە پێویستی ناوخۆ کەمە.

ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ١٠٠ دۆلار بە ١٦٢ ھەزار و ٢٥٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی بەھۆی کەمی خستنەڕوو، بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و ئێستا ١٠٠ دۆلار بەزیاتر لە ١٦٦ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.