وەزارەتی دادی عێراق لەسەر گرتووخانەی ناسریە وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە

28/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی پێشێلکاری و ئەشکەنجەدانی بەندکراوان لە گرتووخانەی ناسریە وەڵامی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە.

وەزارەتی دادی عێراق لەراگەیەندراوێدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی سەرجەم ئەو ھەوڵانە دەکەن کە تایبەت بە رەوشی مافی مارۆڤ لەگرتووخانەکانی عێراق ھەیە، بەڵام سەرجەم ئەو زانیارییانەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر گرتووخانەی ناسریە بڵاویکردووەتەوە کە بەندکراوان ئەشکەنجە دەدرێن و مافەکانیان پیشێل دەکرێت، دوورن لەراستییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، زیاتر لە دڵنیابوونەوە لە ناڕاستی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، لیژنەیەکی لێۆکڵینەوەیان پێکھێناوە و پێشتریش سزای توند بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە لە گرتووخانەکاندا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن، داواشی لە پەرلەمانتارەکە و لیژنەی مافی مرۆڤیش کردوە سەردانی گرتووخانەی ناسریە بکەن.

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دادی عێراق دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانتار رەعد دەھلکی رایگەیاندبوو، لە گرتووخانەی ناسریە مافی بەندکراوان پێشێل دەکرێن و بە شێوەیەکی نامرۆڤانەش ئەشکەنجە دەدرێن.