ئەمریكا گروپی واگنەری رووسی وەك گروپێكی تاوانكاری نێودەوڵەتی دەناسێنێت

21/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمریکا گروپی واگنەری رووسی وەک گروپێکی تاوانکاری نێودەوڵەتی دەناسێنێت و لە رۆژانی داھاتوودا سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنێت

جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، گروپی تاوانکاری واگنەر بەشێوەیەکی فراوان بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. ئاشکراشیکرد،  کۆریای باکور مووشەکی داوەتە روسیا و لەلایەن گروپی واگنەرەوە بەکارھێنراون، لەبەر ئەوە ھەنگاوی زیاتری ئەمریکا لە دژی واگنەر ھاوکار دەبێت لە راگرتنی مامەڵەی وڵاتانی تر لەگەڵ گروپەکە.

گروپی واگنەر کەلە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، ھەزاران زیندانی چەکدارکردووە لەبەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانیان شەڕ بۆ روسیا دەکەن لە ئۆکراین، کە بەوتەی جۆن کێربی لەسەدا ٨٠ی چەکدارانی ئەو گروپە لە ئۆکراین پێشتر زیندانی بوون.

لەدوای ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین ، گروپی واگنەر کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتنەوە خاوەندارێتی دەکرێت بەشدارییەکی کارای لە جەنگەکەدا ھەیە و مانگانە سەد ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت. بە پێی خەملاندنەکانیش لە ئێستادا نزیکەی ٥٠ ھەزار چەکداری ئەو گروپە لە ئۆکرایندان.

گروپی واگنەر دامەزراوەیەکی نیمچە سەریازیی یاخود ئاژانسێکی تایبەت بە گرێبەستی سەربازییە و بە کرێگراوانی بەشداری ململانێی ناوخۆیی چەندین وڵاتیان کردووە لەوانە جەنگی ناوخۆیی سوریا و ھەرێمی دۆنباسی ئۆکراین، لە دوای مانگێک لە دەستوەردانی سەربازی روسیا لە جەنگی سوریا لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ بۆ یەکەمجار بە کرێگیراوانی ئەو گروپە لە سوریا ئاشکرابوون کە پشتیوانی حکومەتی سوریایان کرد لە جەنگ دژ بە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن.

وڵاتانی خۆرئاوا و پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەڵێن، گروپی واگنەر یەکەیەکی سەربەخۆی سەر بە وەزارەتی بەرگری یاخود بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگری روسیا، لەلایەن حکومەتەوە لە ململانێکاندا بەکاردەھێنرێن، ھەروەھا تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی چەندین تاوان و پێشێلکاری لە سەرتاسەری کیشوەری ئەفریقا بەتایبەت لە سوریاو لیبیا و کۆماری ئەفریقای ناوەراست و  مالی.