پێشبینی دەكرێت ساڵی داهاتوو نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە چین بە كۆرۆنا گیانلەدەستبدەن

17/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بە پێی پێشبینییەکی نوێی پەیمانگای پێوەرەکان و ھەڵسەنگاندنی تەندروستی کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، ھەڵگرتنی لەناکاوی رێکارە توندەکانی خۆپارێزی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە چین، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێبکەوێتەوەو نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ساڵی داھاتوودا لەو وڵاتە بە کۆرۆنا گیانلەدەستبدەن.

کریستۆڤەر مۆرای بەڕێوەبەری پەیمانگەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە مانگی نیسانی داھاتوودا حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە چین دەگاتە لوتکەو یەک لەسەر سێی دانیشتوانەکەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ ٣٢٢ ھەزار کەس بەرز دەبێتەوە .

دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزایی، دەسەڵاتدارانی چین سەرەتای ئەم مانگە رێکارە توندەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنایان ھەڵگرت، لەو کاتەشەوە بە بەردەوامی ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە بەرزبوونەوەدان و ترسی ئەوە ھەیە  مانگی داھاتوو لە میانی پشووەکانی ساڵی نوێی قەمەری ١.٤ ملیار کەس لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە ببن.

وڵاتی چین بە سەرچاوەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێت ، یەکەم حاڵەتی پەتاکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە بازاڕێکی شاری ووھانی ئەو وڵاتە تۆمارکرا،  بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەش دەسەڵاتداران سیاسەتی سفر کۆرۆنایان گرتەبەرو رێوشوێنی توندی خۆپارێزیان سەپاند کە بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی تا ئێستا ٥٢٣٥ کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

پسپۆڕان پێشبینی دەکەن نزیکەی ٦٠%ی دانیشتوانی چین لە دوا وێستگەدا تووشی کۆرۆنا ببن و رێژەی توشبوون لە کانونی دووەم بگاتە لوتکە ، زۆرترین توێژ کە مەترسی توشبوونیان لەسەرە بەتەمەنەکانن.

بە پێی بەڵگەنامەیەک کە پێگەی ( میدریکسیف)ی پزیشکی بڵاویکردۆتەوە، پسپیۆڕانی بواری پەتاکان لە زانکۆی ھۆنگ کۆنگ پێشبینی دەکەن ھەڵگرتنی کۆت و بەندەکان و کردنەوەی ھەرێمەکان لە یەکی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ تا  کانونی دووەمی ٢٠٢٣ ببێتە مایەی تۆمارکردنی ٦٨٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە نێو ھەر ملیۆنێک ھاووڵاتیەکدا، ھەروەھا لەسەر بنەمای دانیشتوانی چین کە دەگاتە ١ ملیار و ٤١٠ ملیۆن کەس ئەگەر رێوشوێنی وەک کوتانی بە کۆمەڵ نەگیرێتەبەر  ژمارەی  گیانلەدەستدان پێشبینی دەکرێت بگاتە ٩٦٤ ھەزار و ٤٠٠کەس.