دەقی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ پێگەی راپۆرتی نەوتی عێراقی

03/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی یەکێتی باس لە تێکچوونی ھاوکێشە سیاسییەکان لەناو کوردستان و کاریگەرییەکەیان لەسەر گەشەسەندنی کەرتی غاز و دانوستانەکان دەکات لەگەڵ بەغدا لەسەر سێکتەری نەوت.

بەغدا - کەمن ژمارەی ئەو کەسانەی کە ھاوشێوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی گرنگن بۆ گەشەسەندنی سێکتەری غاز، چونکە ئەو سەرۆکە لە  پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتدارە کە زۆرینەی کێڵگە غازییەکانی تێدا ھەڵکەوتوون.
 
ھاوکات بافڵ تاڵەبانی لە ئێستادا چەقی ململانێ سیاسییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەمە بە زانینی ئەو راستییەی کە حزبەکەی ماوەیەکی دورودرێژە ھاوبەشی حکومەتی ھەرێمە. تێکچوونی پەیوەندییەکانیشان لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا مەترسییەکی ھەمیشەیی دروستکردووە لەسەر بەردەوامیدان بە کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوت و غازە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە.
 
لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ماڵی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە بەغدا ئەنجامدراوە بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی ئەو سەرۆکە و سەرۆکی ئێستای یەکێتی رەخنە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت کە بەشە بودجەی پارێزگای سلێمانی گلداوەتەوە و رەوانەی ناکات، دەڵێت: "حکومەتی ئێستای ھەرێمی کوردستان زۆر بە سیاسی کراوە" و ئاماژە بەوەشدەکات، "دوو ئیدارەییەکی زەق ھەیە، چونکە پێیانوایە دەبێت سلێمانی خۆی خۆی بەڕێوەببات".
 
لەدرێژەی کارەکانیدا حکومەتی ھەرێم پلانی ھەبوو کە بۆرییەکی نوێی غازی سروشتی رابکێشێت بەمەبەستی دابینکردنی وزەی زیاتر بۆ وێستگەکانی وزەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و ئەشکرا ئەم بۆرییە لە داھاتوودا بەکاربھێنرێت بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتی  تورکیا. 
 
ئەم پرۆژیە دەستکرا بە جێبەجێکردنی و تەندەرەکەی درا بە گروپی کۆمپانیاکانی (کار) کە نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ھێزە ئەمنییەکانی سەربە یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان رێگربوون لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و بەو ھۆیەوە پرۆژەکە بووە ھەڵمی سەرئاو. بافڵ تاڵەبانی، لەم چاوپێکەوتنەدا دووپاتیدەکاتەوە، "ئەو بەشێوەیەکی شەخسی رێگر بووە لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژیە، چونکە ئەو پێیوایە گرێبەستەکە پێشکەشکراوە بە کار گروپ و نە تەندەرێک لە ئارادا بووە نە پرۆسەیەک بۆ راگەیاندنی ئەو تەندەرە".
 
بە وتەی بافڵ تاڵەبانی، "کار گروپ ئەم گرێبەستەی نەبردووەتەوە، بەڵکو پێیبەخشراوە. ئەمەش بێڕێزییە بە خەڵکی کوردستان و عێراقیش". 
 
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی کەرتی نەوت و غازەوە دەڵێت: "ویستی ئەوەی ھەیە ببێت بە بەشێک لەو بڕیارە ستراتیجیانەی کە لەسەر کەرتی وزە دەدرێن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پرۆسەیەی کردووەتەوە پرۆسەیەکی چەقبەستوو. نەبوون بە ھاوبەش لەم پرۆسەیەدا وایکردووە کە ھاوبەشیکردن لەگەڵ بەغدا رۆژبەرۆژ سەرنجڕاکێشتر بێت".
 
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت: "من تێناگەم نەبوونی ویستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟! تەنیا بەسرە ھەزار جار لە ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەند ترە! ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت بۆ لای من و بڵێت: سڵاو، بافڵ تاڵەبانی، دەورییە بچووکەکەی خۆت بخە سەر ئەم مێزە و ببە بە بەشێک لەم مێزە گەورەیە و لەنێویشیدا پشکت دەبێت لە بەسرە، وەک ھەلێکی زێڕین سەیری دەکەم"!
 
لیزێ پۆرتەر: پێش ھەمووشتێک ئەمەوێت دەربارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی پرسیارت لێبکەم کە بەم دواییە تۆزێک گرژییان پێوەدیارە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ....
 
لیزێ پۆرتەر: چۆن پەیوەندییەکانتان گەیشتنە ئەم قۆناغە؟ چۆن گەیشتن بەو شوێنەی کە ئێستا تێیدان؟
 
بافڵ تاڵەبانی: تۆ دەزانیت، ئێمە و پارتی لەڕووی مێژووییەوە دوو حزبی جیاوازین، کەواتە دوو ئامانجی جیاوازمان ھەیە، دیدگامان جیاوازە، ئایدۆلۆژیامان جیاوازە و تەنانەت پێکھاتەی حزبەکانیشمان زۆر لێکچوو نین! ئەوەشی کە دەیبینین ئێستا بریتیە لە تێکچونی پەیوەندییەکان و چەند شێوازێکی جیاوازی کاردانەوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر بمەوێت راستگۆشبم لەگەڵت نازانم سەرچاوە ئەم جۆرە رەفتارکردنە چییە؟!
 
بەڵام راستییەکە ئەوەیە، من وابیردەکەمەوە کە ئێمە لای خۆمانەوە وەک یەکێتی ھەوڵی تەواوەتیماندا لەگەڵ پارتی. دوای ئەو کێشانەی کە لە یەکێتی تووشمانبوو، بەرنامەیەکی باشمان ھەبوو بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکانمان، بۆ نمونە، تەنیا ساڵی رابردوو، چەندین جار مەکتەبی سیاسییەکەمانم ناردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیەکەیان،  لە بەرامبەردا ئەوان تەنیا جارێک یان دوو جار مەکتەبی سیاسیەکەیان ناردووە بۆ سلێمانی. ئەوەشی پەیوەندیی بە خۆمەوە ھەیە، تەنیا ساڵی رابردوو ١٥ بۆ ١٦ جار کاک مەسعودم بینیوە، لە بەرامبەریشدا وەک دیارە سەردانکردنەوە لە کاک مەسعود نابینین! چەند جارێک سەردانی کاک نێچیرڤانم کردووە! چەند جارێک سەردانی کاک مەسرورم کردووە! بەڵام کاردانەوەیەکی ئەوتۆم نەبینی لەبەرامبەر ئەمانەدا.
من پێموایە کێشەکە لە گۆڕانی حکومەتەوە دەستیپێکرد، 
 
لیزێ پۆرتەر: کەواتە مەسرور....
بافڵ تاڵەبانی: حکومەتەکەی مەسرور بارزانی، نەوەک مەسرور خۆی. با ئەمە روونبکەمەوە، من بە دیاریکراوی مەبەستم مەسرور بارزانی نییە. ئەم حکومەتە زۆر جیاوازە لەو حکومەتانەی کە پێشتر بینیومانن و ھەبوون. ئەم حکومەتە بە سیاسی کراوە. ئەمەش کاریگەرییەکەی باش نییە. دوێنێ بە رێکەوت چاوم بە یەکێک لە وەزیرەکانم کەوت، پێی وتم: "کاتێک کە بەڕێوەبەری گشتی بووم زۆر خۆزگەی ئەوەم دەخواست ببمە وەزیر. ئێستا لەم کابینەیەدا وەزیرم، بەڵام خۆزگە ئەخوازم نەبوومایە"! ئەمە ھەمووی بەھۆی زیاد لەپێویست بە سیاسیکردنی ئەم حکومەتە و بە ناوەندیکردنی ھەموو شتێکەوەیە لەنێو ئەم حکومەتەدا. 
 
ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ساڵەکانی پێشووتر ئەوە بەتەواوەتی پێچەوانە بوو.  سیستمێکی نا ناوەندی ھەبوو، پارێزگاکان کێبڕکێیان دەکرد لە جێبەجێکردنی پرۆژە و گەشەسەندندا و چێژیان دەبینی لە گەشەسەندنی ئابووری. ئەو ساڵانە ساڵی زێڕین بوون. ئێستاش پێچەوانەکەی روودەدات! 
 
لەبەر ئەوە پێموایە، حکومەت بە سیاسی کراوە. ئێستاش وادەردەکەوێت کە کاتی نەمابێت بۆ ئەنجامدانی ھیچ شتێک! بەتەواوەتی ھیچ شتێک! بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاری! بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. مەبەستم ئەوەیە چوار ساڵی تەمەنی خۆی تەواو کردووە ئەم کابینەیە. حکومەتی کاربەڕێکەرە ئێستا. ئێمە وەک یەکێتی ئێستاش پۆستمان ھەیە کە پڕنەکراوەتەوە! ئەم پۆستانە دەبوو لە سەرەتای پێکھێنانی حکومەتەوە پڕبکرێنەوە، بەڵام تا ئێستاش نەمانتوانیوە پڕیبکەینەوە! ھەمانشت بۆ گۆڕانیش دروستە، نامەوێت لەبری ئەوان قسە بکەم، بەڵام پێموایە کە دۆخەکە بۆ ئەوانیش ھەمانشتە.
 
لە راستیدا، وەک ئەوە وایە دیوارێک لەنێوان ئێمە و سەرۆکوەزیراندا ھەبێت. دەمانەوێت بەڕێوەبەرێکی گشتی بگۆڕین ناتوانین! دەمانەوێت جێگرێکی وەزیر بگۆڕێن ناتوانین! وەزیرێک دەیەوێت دەستلەکاربکێشێتەوە ناتوانێت! ئەمە ھەمووی زۆر زۆر قورسە!
 
جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەو دۆخەی لە سلێمانی ھەیە و ئەوەی لە ھەولێر ھەیە!چەندان پرۆژە لە ھەولێر ھەیە، بەڵام سەرجەم پرۆژەکان لە سلێمانی وەستاون! چەندین کۆمپانیا سلێمانیان بەجێھێشتووە، بەڵام لە ھەولێر وانییە! جیاوازی گەورە ھەیە لەنێوان ئەم دوو شارەدا لە دابەشکاری بودجە، ناردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان، پارەی دەرماڵەی خوێندکاران، پارەی مووچەخۆران، خزمەتگوزاری پێشمەرگە، نەسریەی پێشمەرگە و شایستەکانی تریش.
 
لەراستیدا ئەمە دوو ئیدارەییەکی واقیعیە، لەبەر ئەوەی سلێمانی خۆی پارەی خۆی دابیندەکات و ناوچەکانی تریش وادانراوە کە پارەی ناوچەکانی تر دابینبکەن. 
 
من کەسێکی شارەزایی دارایی نیم بەھیچ شێوەیەک، بەڵام حەزم لەوەیە بەشێوەیەکی لۆژیکی بیربکەمەوە. واچاوەڕواندەکرێت ئێمە لەگەڵ ئەم لایەنە رکابەری بکەین، بەڵام ھیچ رێگەیەک نییە کە ئێمە بتوانین ئەمە بکەین. ئێمە سنوورمان تەنیا لەگەڵ ئێران ھەیە. چەند خاڵێکی سنووریمان لەگەڵ ئەو وڵاتە ھەیە، بەڵام لە کۆتایدا ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە سنوورمان تەنیا لەگەڵ یەک وڵات ھەیە. 
لیزێ پۆرتەر:  پەروێزخان یان باشماخ؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ھەردووکیان، بەڵام ئەمە یەک سنوورە. پەروێزخان و باشماخ زیانی زۆریان لێدراوە، بەھۆی مەرزی مونزیرییەوە، چەندین قاچاخی لە مونزیرییەوە دەکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەو ھەموو بازرگانییەی کە لێوەی دەکرێت. لەلایەکی تریشەوە، حاجی ئۆمەران ھەیە لە سنووری پارتییەوە و رێککەوتنێکی نوێشیان ھەیە بۆ ھەناردەی کەلوپەل (رێککەوتنێکی نوێی ترانزێت) لەو دەروازەیەوە. بەم ھۆیەوە، ھەرچی بازرگانی ھەیە دەڕوات بۆ ئەوێ. لەگەڵ ئەمەش ھەندێک خەڵک ھەن لەنێو حکومەت کە لەکاتی خۆیدا رێگەنادەن کە لە سنوورەکانی ئێمەوە بازرگانی بکرێت. لەولاشەوە ھەروا لەخۆوە کەسێک ھەڵدەتۆقێت و بەو کەسانە دەڵێت کە لەکاتی خۆیدا کاریان بۆ نەکراوە: "ئەگەر دەتانەوێت بازرگانی بکەن دەتوانن بێن لە حاجی ئۆمەرانەوە بکەن"! لەبەر ئەوەیە کە ئەم خاڵە سنوورییانە لە ئێستادا زیانی گەورەیان لێدراوە.
 
با وادەبنێن کە وانییە، زۆر بەباشی کارەکانی خۆیان دەکەن ئەم سنوورانە و ھەموو شتێکیش باشە! بەڵام ھێشتاش ناتوانن لەگەڵ گەورەترین دەروازەی سنووریی عێراق رکابەری بکەن کە سنوورە لەگەڵ تورکیا کە تەنیا خاڵی سنووری نێوان تورکیا و ھەرێم نییە، بەڵکو گەورەترین خاڵی سنووریی نێوان تورکیا و عێراقیشە! ئەمە سەرەڕای ئەوەش سنووریان ھەیە لەگەڵ ئێران. با لەبیریشمان نەچێت کە خاڵی سنوورییان ھەیە کە کەس لە بوونی ئاگادار نییە!
 
 
لیزی پۆرتەر: سنووری سووریا؟
بافڵ تاڵەبانی: لە سنووری سووریا کەس نازانێت چی ھاوردە دەکرێت و چی ھەناردە دەکرێت. لەراستیدا، ئێمە دەزانین چی لەوێوە دێتە ھەرێم و چ شتێکیش لێرەوە دەڕوات بەرەو ئەوەێ، بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە لە ھیچ تۆمارێکی حکومەتدا تۆمار ناکرێت کە چی لێرەوە دەڕوات و چ شتێکیش لەوێوە دێت. ھیچ شتێک لەم شتانە لەژێر چاودێریدا نییە! ئەمە ھەمووی لە لایەک لەلایەکی تریشەوە ئێمە، کێڵگەی نەوتی خەیاڵیمان ھەیە.
 
لیزی پۆرتەر: عەین زالە
بافڵ تاڵەبانی: بەتەواوەتی، عەین زالە. کێڵگەیەکی نەوتی خەیاڵییە، ئامێرەکانی ناوی بەخێرایی و لەسەریەک لەسەریەک کاردەکەن، بەڵام نەوتەکەی بۆ کوێ دەڕوات؟!
 
لیزێ پۆرتەر: بەڵی، ئێمە ھەمیشە تێبینی ئەوەمان کردووە کە لایەنێکی تاریک و نادیار ھەیە لەڕووی ئەوەی چی  لە کەرتی نەوتی ئەوێدا دەگوزەرێت.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە دەزانین کە چی دەگوزەرێت لەوێ، بەڵام زۆر لەو خۆگرتر و بەڕێزترین لەوەی کە باسیبکەین چی لەوێ دەگوزەرێت. من وایبردەکەمەوە ئەگەر ئێمە راستگۆبین لەگەڵ یەکتری، ھەموومان دەزانین کە چی لەوێ دەگوزەرێت. لەبەر ئەوە تەنیا بەشێوەیەکی ئەقڵانی بیر لەوە بکەرەوە، ئێمە چۆن دەتوانین رکابەری لەگەڵ ئەوە بکەین؟! 
ئینجا ئەوان باسی باج دەکەن، وابزانم، ٣٠ بۆ ٣١ ھەزار کۆمپانیا ھەیە کە دەبێت باج بدەن و لەو ژمارەیەش ٧ ھەزاریان لە سلێمانین کە ٤ ھەزاریان لە ئێستادا کارناکەن.
 
لیزێ پۆرتەر: بۆچی؟
بافڵ تاڵەبانی: چونکە یان پرۆژەکانیان وەستاون یانیش وەرشکست بوون (ئیفلاسیان کردووە). ئەمەش واتە، ئێستا تەنیا ٣ ھەزار کۆمپانیا لە سلێمانی ھەن. ژمارەکان شاراوە نین. لەراستیدا ئەمە کێشەکەیە، بۆ لێکدانەوەی ئەم کێشەیە پێویستناکات زۆر زیرەک بیت، چونکە ئەمە لێکدانەوەیەکی بیرکارییانەی زۆر سادەیە"!
 
لیزێ پۆرتەر: کەواتە مەبەستت ئەوەیە، داھاتەکات بە یەکسانی ھاوبەشی پێنەکراون لەگەڵ سلێمانی؟ بۆچی بەیەکسانی دابەشنەکراون؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەھۆی چەند ھۆکارێکی سەیرەوە! لەبری ئەوەی وەک ھەموو وڵاتانی دونیا ھەموو داھاتەکان لە داھاتی سنوورەکان و باج بچنە ناو یەک سندوقەوە و دواتر بە یەکسانی دابەشبکرێنەوە داھاتەکان دابەشناکرێنەوە! ئەمە ئەو شتە نییە کە لێرە روودەدات! لە راستیدا، سندووقەکەی ئەوێ و سندوقەکەی ئێرە جیاوازن، تەنیا سیستمێکی نا لۆجیکییە! شتێکی وا لە بەریتانیا روونادات! بۆ نمونە بێرمینگھام  خۆی پارەی خۆی پەیداناکات و ھەموو شارەکانی تریش پارەکەیان کۆبکەنەوە بەیەکەوە و کار بکەن. بەداخەوە ئەوەی ئێستا روودەدات، بەروونی وەک سزا دەردەکەوێت و ئێمەش وابیرماندەکردەوە کە ئەمە سزادانی دارایی بێت، لەبەر ئەوەی ناکۆکی ھەبوو لەنێوان ئێمەدا لەسەر بابەتی دانانی سەرۆککۆماری عێراق. مەبەستم ئەوەیە، وا دابنێ پۆستێک ھەیە و دوو حزبیش کاندیدیان ھەیە بۆ ئەو پۆستە، ئیتر من تێناگەم ئەمە ئەبێت بۆچی ئەوەندە بکرێتە کێشەیەکی گەورە؟! ئەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاساییە! ئەگەر لە بەریتانیا گەورە بووبیت ئەوە شتێکی ئاساییە؟! بۆ نمونە، پارتی پارێزگاران و پارتی کار ھەیە، لەولاشەوە پۆستی سەرۆک وەزیران ھەیە کە ھەردووکیان ھەوڵی بەدەستھێنانی دەدەن.  بەڵام تۆش دەزانیت کە پارتی کار دەبێت دابنیشێت، چونکە ناتوانن ئەو پۆستە وەربگرن، بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەوە نا لۆجیکییە.
 
من وابیرمەکردەوە کە لەدوای ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار شتەکان باشتر دەبن، بەڵام ئێستا وابیردەکەمەوە کە شتەکە کۆسپی زۆرتری کەوتووەتە بەردەم و تەنانەت بە شتێکی کەسی وەرگیراوە. من خۆزگەم دەخواست لەدوای ئەم بابەتە شتەکان ئارام ببنەوە، بەڵام من ئەمە نابینیم ئێستا بەھیچ شێوەیەک! ئەوەی ھەیە تەنیا زیاتربوونی بەربەستەکان و خراپبوونی پەیوەندییەکانە و کارنەکردنە بەیەکەوە. لەراستیدا، حکومەتەکانی پێشتر ھەرگیز بەمشێوەیە نەبوون.
 
لەبیرمە قوباد تاڵەبانی برام، لەکاتی شەڕی داعشدا و لە لوتکەی قەیرانی داراییدا کاری دەکرد، ھێشتاش ھەست و ژینگەی ئیشکردن بەشێوەی گروپ و ھاوبەش ھەبوو لەنێو حکومەتەکەیدا. لەنێو کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکومەتەکەدا کەس نەیدەزانی کێ گۆڕانە، کێ پارتییە و کێ یەکێتییە، تەنیا مەگەر خودی کەسەکانت بناسیایە، بەڵام ئێستا منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان بەرە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت دەستنیشانی بکات کە ئەم کەسە بەشێک نییە لەو لایەنە یان ئەم لایەنە ھاوشێوەی ئەو لایەنەی  تر نیە! ئەمەش بەتایبەتی پەیوەندی بە یەکێتییەوە نییە! ئەگەر سەیرێکی پەرلەمان بکەیت بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا کە ئەم ھەموو لایەنە دەیانەوێت پەرلەمان بەجێبھێڵن. سەیری ئەو ھەموو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە بکە کە دەیانەوێت پەرلەمان بەجێبھێڵن، یان گروپە ئیسلامییەکان کە دەیانەوێت پەرلەمان بەجێبھێڵن! 
ئێمە وەک یەکێتی زۆر بێزاربووین لەمە. ئایا ئەمە بەڕاستی رێککەوتە؟ یان شتێک روویداوە؟ ئایا پاڵنەرێک لەپشتی ئەم بابەتەوە ھەیە؟ من پێموایە دەبێت ئەم پرسیارانە لەخۆمان بکەین.
 
وابیردەکەمەوە ئەگەر بە لۆجیکیانە بیر لەم بابەتە بکەینەوە تێدەگەین، ئەم ھەموو گرژی و نائاسودەییەی کە ھەیە نیشانەیە بۆ ئەوەی کە شتێک بوونی ھەیە و روودەدات. خۆ من نیم!
 
لیزێ پۆرتەر: ئایا دەتوانین بڵێین رێککەوتنی ستراتیجی ساڵی ٢٠٠٧ لەنێوان یەکێتی و پارتی بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان کۆتایی ھاتووە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، بەھەر شێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی ھاتووە. لای پارتی لەدوای کۆچی دوایی مام جەلالەوە ئەم رێککەوتنە کۆتایی ھاتووە، کە ئەمەش کەمێک مایەی سەرسامییە! نەئەبوو بەمشێوەیە بیڵێم، بەڵام دەزانیت، ئەوە بۆچوونی ئەوانە و ئەوانیش ئازادن کە بۆچوونی خۆیان ھەبێت و پێوەی پەیوەست بن. 
 
لیزێ پۆرتەر: تۆ وتت چەندین کۆبوونەوەت لەگەڵ بەرپرسی جیاواز لە پارتی ھەبووە، گەیشتن بە ھیچ لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش لەسەر کێشەی ناردنی پارە بۆ سلێمانی؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەھیچ شێوەیە، بەھیچ شێوەیەک. بەڵێن لەدوای بەڵێن، بەڵێن بۆ پێکھێنانی لیژنە، بەڵێن بۆ چاوخشاندنەوە بە سیستمەکە، بەڵێن بۆ سەیرکردنی کێشەکان...ھتد، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ھیچ شتێک!
ئێمە زۆر ھەوڵماندا بۆ ئەوەی خۆمان لەگەڵ ئەم بابەتە بگونجێنین. بیرمە لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ کاک مەسرور من و براکەم (قوباد تاڵەبانی) بەڵێنماندا وەک نیازپاکییەک چەند ھەنگاوێک بچینە پێشەوە و کۆمەڵێک شت بکەین. کۆمەڵێک شت ھەبوون کە پێموایە بۆ کاک مەسرور گرنگ بوون و ئێمە پێماندا، بۆ ئەوەی نیازپاکیمان نیشان بدەین.
 
 
لیزێ پۆرتەر: ئەو شتانە چی بوون؟
بافڵ تاڵەبانی: یەکێک لەوشتانە ئەوبوو کە ئەو دەیویست گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی نەوت و غازدا بکات. ئێمەش بەتەواوەتی رازیبووین بەوە بەبێ ھیچ دانوستانێک. ئەمە بەزانینی ئەوەی سێ ساڵ بوو ڤیتۆمان دەکرد. بەڕاستی پێموابوو کە ئەمە وادەکات ئەو ھەستبکات کە ئێمە چەند جدین لە ھاتنەپێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یارمەتیدانی ئەوان. دانەیەکی تریان بریتیبوو لە رێککەوتنێک بۆ بردنەپێشەوەی یاسای کانزاکان. 
لەبەر ئەوە با دانبەوەدا بنێین و بەڕێزەوە بڵێین، بەداخەوە ئەم حکومەتە بەسیاسی کراوە بەشێوەیەکی تەواوەتی. 
لەنێو حکومەتێکی ھاوبەشیدا بۆ من یان بۆ کاک قوباد یان ھەر کەسێکی تر گۆڕینی بەڕێوەبەرێکی گشتی کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە بابەتێکی گرنگە، بۆچی رێگەی پێنادرێت؟ جێگری وەزیر ھەیە کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە، بۆچی رێگە نادرێت بگۆڕێت. خۆ من کەیسی گەندەڵیم لەدژی ئەو نەجوڵاندووە، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی جوڵاندوویەتی، ئێستا کە ئێمە دەمانەوێت بیگۆڕین، بۆچی نایگۆڕن! ئەمەش تەنیا بۆ فشار خستنەسەرە و ئەم جۆرە فشارخستنەسەرەش رێگەیەکی باش نیە بەتایبەتی کە لەگەڵ کەسێکی کورد بەکاری بھێنیت، چونکە وەک چۆن پارتی ناچەمێت بۆ فشار یەکێتی و لایەنەکانی تریش ناچەمن لەژێر فشاردا! پێموایە، پێویستناکات ھەموو شتەکان بەمشێوەیە خراپ بکەین و بیانگەیەنینە ئەم ئاستە! 
بابەتێکی تر کە بەڕاستی منی بێئومێد کردووە بریتییە لە وەستانی ھەموو شتێک لە یەککاتدا! ئەمەش ئەو شتە بوو کە من بەڕاستی ویستم لە کاک مەسعودی تێبگەیەنم و لەگەڵی بیبەمە پێشەوە، وتم: سەیرکە کاک مەسعود، ئێمە ئەگەر ٢٠ کێشەمان ھەبێت و لەو ٢٠ە دوو دانەیان چارەسەرنەکراو بن لەئێستادا با دەستبە چارەسەرکردنی ١٨ کێشەکەی تر بکەین، ئەوکات ئاسانتر دەبێت بۆ کێشەکانی تر کە چارەسەریان بکەین، بەڵام لەئێستادا پارتی بەمشێوەیە بیرناکاتەوە! بەگوێرەی بیرکردنەوەی ئەوان ئەگەر شتێک بەشێوەی خۆی نەڕوات ھەموو شتەکانی تریش تێکدەچن لەگەڵی، ھەموو ئامێرەکە لەئیش دەکەوێت.
 
لیزێ پۆرتەر: تۆ کەمێک باسی دوو ئیدارەیت کرد لە رابردوودا
بافڵ تاڵەبانی: من باسی چارەسەری و شێوازێک لە تەڵاقدانم کرد. وابیرناکەمەوە بەھیچ شێوەیەک باس لەتکردنی ھەرێمم کردبێت یان دوو ئیدارەیی، سیستمەکە فیدراڵییە، چەندین سیستمی فیدراڵی ھەیە ئیمە دەتوانین چاویان لێبکەین. ئێمە باوەڕمان بە یەکگرتووی کوردستان ھەیە، چونکە ئێمە شەڕمان کردووە بۆ یەکگرتووی کوردستان و من وابیردەکەمەوە، ئێمە ئەندازیاری یەکگرتووی کوردستانین. بەڵام کۆتایشدا، ئیشی حکومەت چییە؟ ئامانج لە ھەبوونی حکومەت چییە؟ ئەی نابێت خزمەتی خەڵک بکات؟ چاودێری کۆمەڵگە بکات؟ خزمەتی کەسانی بەتەمەن بدات؟ یارمەتی خێزانی شەھیدەکانی بدات؟ یارمەتی خوێندکاران بدات؟ یارمەتی کەسان و رەمزە ئاینییەکان و مزگەوتەکان بدات؟!ئەگەر حکومەت ئەمانە نەکات، ئیتر پێویستە مرۆڤ پرسیاری جددی لەخۆی بکات، بۆچی حکومەت ئەمانە ناکات؟ سوودی ئەم جۆرە حکومەتە چییە؟
 
لیزێ پۆرتەر:  ئایا باسی چارەسەری کێشەی جیاوازت کردووە لەگەڵ بەغدا؟ چونکە ئەمە ئەو شتەیە کە ھەندێک کەس خوێندنەوەیان بۆ کردووە لە  قسەکانی کۆتا چاوپێکەوتنت لەگەڵ رووداو، کاتێک کە باسی چەند چارەسەرییەکی جیاوازت کرد.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە باسی چارەسەرەکانمان کرد بۆ ھەمووان، پێشموابێت دوو بۆ سێ رێگای جیاواز ھەیە بۆ ئەنجامدانی ئەوە. رێگای کلاسیکی بۆ جیابوونەوەیەکی دۆستانە بریتیە لە وتنی دەستەواژەکانی، "تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت، تەڵاقم دایت" سێ جار رووبەڕووی ئاوێنە یان ھەرشتێکی تر.
 
لیزێ پۆرتەر: تۆ کەمێک باسی خوێندکارانت کرد، لە ئێستادا خۆپیشاندانی خوێندکاران ھەیە لە ھەڵەبجە و سلێمانی و دەرماڵەکانیان وەرنەگرتووە ئەمساڵ.
بافڵ تاڵەبانی: وەریشیناگرن.
 
لیزێ پۆرتەر: بۆچی؟ بەھۆی تێچووەکەیەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەوان پارەکە نادەن بە خوێندکاران دەنا تەنیا چەند ملیۆنە دۆلارێکە و ئامادەنین پێیانبدەن، بەمەبەست ئەو کارە دەکەن بۆ ئەوەی خوێندکار خۆپیشاندان بکات. خۆشبەختانە ئێمە بەتەواوەتی و بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە ماوەی رابردوودا توانیمان لەو پارە زیادەیەی کە لەبەردەستماندابوو بەشە ناوخۆییەکانیان و شوێنی وانە خوێندنەکەیان بۆ نۆژەنبکەینەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینبکەین کە ساڵانێک بوو بەتەواوەتی لەلایەن حکومەتەوە فەرامۆشکرابوون.
 
لە ئێستادا توانیومانە قسە لەگەڵ خوێندکارەکان بکەین و رازیان بکەین کە لە شوێنێکی دیاریکراو و لەکاتێکی دیاریکراودا خۆپیشاندان بکەن، جیاواز لە چەند گروپێکی خوێندکار کە زۆر بچووکن و لەڕووی سیاسیەوە ئاراستەکراون.
 
لیزێ پۆرتەر: ئەگەر پارتی بڵێت: ئەوە ئیشی سلێمانییە کە دەرماڵەکانیان بدات!
بافڵ تاڵەبانی: بەڵام من روونمکردەوە کە ئەوە بۆچی مەحاڵە.
 
لیزێ پۆرتەر: لەبەر ئەوەی پارەتان بۆ رەوانەناکرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: بەتەواوەتی بەوشێوەیە.
بۆ نمونە، بەیانیەک ھەڵدەستیت لەخەو و دەبینیت، باشترین، پرۆفێشناڵترین و راھێنراوترین ھێزی عێراق کە تا ئێستاش ئۆپراسیۆن دژی داعش ئەنجام دەدەن بودجەکەی بڕدراوە. 
ئەم بابەتەش ھیچ ھۆکارێکی یاسایی نییە. بەیانیەک کەسێک لە خەو ھەڵدەستێت و دەڵێت: "ئۆە، ئەزانم چۆ فشار بخەمە سەر یەکێتی، ئەمە ئەنجام دەدەم"! ئەمە زۆر ناڕاستگۆیانەیە و ئامانجی خۆشی ناپێکێت.
من ئەگەر بمویستایە لە ھەولێر لەڕووی سیاسییەوە بەھێزتر بم، ھەولێرم تووشی برسیەتی نەدەکرد، پێچەوانەکەیم ئەنجام دەدات. بیرمە رێک لەم خانووە (ماڵی مام جەلال لە بەغدا) لەگەڵ مام جەلال و کام مەسعود و کاک کۆسرەت دانیشتبووم، مام جەلال وتی: پێویستە کارێک بکەین کە ھەولێریش وەک سلێمانی جوان بێت. بەڵام سەیرکە ئێستا گێچەکە لەکوێدایە. زۆرجار من لەگەڵ کاک قوباد گاڵتە بەیەکەوە دەکەین و من دەڵێم: ئێمە ھێشتا چاوەڕێی جادەیەکین، ھەولێریش خەریکە خەڵک ئەنێرێت بۆ مەریخ.  منیش کەیشتوانی ئاسمانی کوردم دەوێت! بەڵام ئایا ئەتوانین ئێمە جادەیەکمان ھەبێت؟ ئایا خوێندکارەکانی من دەرماڵەیان بۆ خەرج دەکرێت؟
 
لیزێ پۆرتەر: زۆر بەڕوونی ئێستا چەقبەستوویەتییەک ھەیە لە حکومەتدا و قوباد تاڵەبانی ناڕواتە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چەند ھەفتەیەکە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر ناڕوات.
 
لیزێ پۆرتەر: ئەی وەزیرەکانی تری یەکێتی؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر.
شتەکەی قوباد دوو قاتە، سێ قاتە، لەراستیدا چەند قاتە. ئەم بابەتە پێش ھەمووشتێک بڕیاری قوبادە و منیش بەتەواوەتی پشتیوانی دەکەم. ئێمە خەڵک دەنێرینە کۆبوونەوەکانەوە بۆ ئەوەی چاودێری بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی کە ھیچ بڕیارێکی شێتانە نادرێت، لانیکەم دەتوانین زانیاریمان ھەبێت کە چی دەگوزەرێت. ئەم کەسانە ھەفتانە لەلایەن کاک قوبادەوە ھەڵدەبژێردرێن، بەڵام خۆی ناچێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو ئەو کاتەی کە ئەم کێشانە چارەسەر دەکرێن، تاوەکو ئەوکاتەی کە بەشێوەیەک لەشێوەکان دادپەروەری بەرقەرار دەبێت. 
 
پاشان بابەتێکی تر ھەیە، یەکێتی زۆر بێزارە لەو دۆخە ئەمنییەی کە لە ھەولێر ھەیە، چونکە دەرکراوێک لە خاکی یەکێتی رێگەی بەخۆیداوە کە ٢٠٠ مەتر لەدووری ماڵی براکەم (قوباد تاڵەبانییەوە) ھێز کۆبکاتەوە.
 
 
لیزێ پۆرتەر: ئەژی ئەمین؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، ئەوە زۆر شتێکی چاوەڕواننەکراوە و بەتەواوەتیش قبوڵنەکراوە. ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە یەکێتی چەند دانبەخۆداگرە، چەند خواستی ئەوەی ھەیە کە نەکەوێتە ناو ئەم کێشە خراپەوە. ئایا دەتوانین خەیاڵی ئەوە بکەین کە ئەم شتە لە بەریتانیا رووبدات؟! ئێمە حکومەتێکی ھاوبەشمان ھەیە، لەم نێوەندەشدا خزمەتکارەکەی سەرۆکوەزیران ھێز کۆدەکاتەوە و دەینێریتە سەر ماڵی جێگری سەرۆک وەزیران.  ئەم شتە زۆر دوورە لە ھەموو ئەوەی من ئەزموونم کردووە. من ھەندێک ئەزموونی سەیرم کردووە لەم ماوەیەدا، کە ھیچ روونکردنەوەیەکیان بۆ نییە.
 
لیزێ پۆرتەر: ھەندێک دەڵێن، دوای کوشتنی ھاوکار جاف تۆ وەھاب ھەڵەبجەیت بردووە بۆ ھەولێر بۆ کۆبوونەوە لەکاتێکدا کە ئەو فەرمانی گرتنی ھەیە لە ھەولێر، ئەوە بۆ ئیستفزازکردنە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەوە بەراورد ناکرێت بە کۆکردنەوەی ھێز و ھێرشکردنە سەر ماڵی جێگری سەرۆکوەزیران. سەبارەت بە کێشەکەی ھاوکار جافیش، ئێمە نکۆڵیمان لێکرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی ھاوبەشمان کرد و ئێستاش داوای دەکەین، بەڵام پارتی نایەوێت ئەو کارە بکات. لەبری ئەوە، خۆیان سەرقاڵکردووە بە بەرھەمھێنانی فلمی بێمانای بۆڵیودەوە کە ئێمە بەتەواوەتی بەھۆی ھەڵەکانی ناوییەوە پێکەنین.
 
لەبارەی وەھاب ھەڵەبجەیشەوە، ئەو رۆژە لەگەڵم ھات بۆ ھەولێر بۆ سەردانیکردنی خێزانی یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانمان کە لە ھەولێرە، ئەمەش چەندین جاری تر روویداوە. بابەتی فەرمانی دەستگیر کردنەکەش ئێمە ھەرگیز بەشێوەیەکی جددی وەرمان نەگرتووە. وەھاب بەشێوەیەکی فەرمی لەگەڵ من ھات بۆ فڕۆکەخانە، بەقاچاخ نەمانبردە ھەولێر. ئەمتوانی بە یەکێک لە ھێلیکۆپتەرەکانم بیبەم لە ناوەڕاستی ھەولێر دایبنێم و کەسیش ھەستی پێنەکات. ئەگەر باس لە فەرمانی گرتنەکەش بکەین، خۆ منیش فەرمانی گرتنم ھەیە، قوبادیش بەھەمانشێوە. کەواتە، ئایا یاسا ھەیە؟ یان یاسا نییە؟ ئەگەر یاسا ھەیە نە ئەبوو منیش بچم بۆ ئەو کۆبوونەوەیە لە ھەولێر، نە ئەبوو قوبادیش لە ھەولێر ئیش بکات، ئەوکاتە وەھابیش نەئەبوو بچێت بۆ ھەولێر. 
 
من لەگەڵ ئەو شتە سەیرانە راھاتووم، من حەز ئەکەم خەڵک لە دادگا دادگایی بکرێت نەوەک لە تەلەفزیۆن، بەڵام پێموانییە لە ئێستادا ئێمە ئەو کارە بکەین. ئەم بابەتە کۆتاییەکەی ھەڵدێرانە، چونکە وامان لێدێت کە خەڵکی لە تیک تۆک دادگایی دەکەین. نامەوێت بێڕزی بکەم بەرامبەر پارتی، بەڵام من حساب بۆ شتی بێمانا ناکەم و ئەو شتەش بە بێمانا دەبینیم.
 
لیزێ پۆرتەر: وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی ھێزی دژەتیرۆرە لە سلێمانی، پێتوایە دەتوانیت ئەو درزە چاکبکەیتەوە کە لەنێوانتاندایە لەگەڵ پارتی ئەگەر ئەو لەو پۆستە گرنگەدا بمێنێتەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ھەندێک کەس لە پارتی ئەو قسەیە دەکەن، بەڵام وەڵامی کورت و پوختی من ئەوەیە، بەڵی دەتوانین. لەراستیدا ئەمەش بێمانایە، چونکە ھیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام نەدراوە، با لێکۆڵینەوەیەکی ھاوبەش بکەین، تەنانەت با وڵاتانی بیانیشی تێدابێت، بۆچی شتێکی وا ناکەین؟ ئەگەر زۆر دڵنیان لەو شتانەی کە دەیڵێن بۆچی ئامادەنین لێکۆڵینەوە بکەن. من بێوەفانیم بەرامبەر ئەوانەی کاریان لەگەڵ دەکەم.  من ھیچ بێوەفاییەک نیشان نادەم لەبەرامبەر پاڵەوانەکانی کوردستان وەک وەھاب، تەنیا لەبەرئەوەی کەسێک لە پارتی بەیانییەک لەخەو ھەستاوە و بڕیاریداوە چەند تۆمەتێکی سەیری ئاراستەبکات کە ئێمە بەتەواوەتی نکۆڵیمان لێکردووە.
 
لیزێ پۆرتەر: ئایا تۆ نکۆڵی دەکەیت لەوەی کە  وەھاب ھەڵەبجەیی ھاوبەشبووبێت لە کوشتنی ھاوکار جاف؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەدڵنیاییەوە.
 
ئەزانی چ شتێک دژبەیەک و سەیرە؟ ھەموو ئەوانەی کە من قسەم لەگەڵ کردون، تەنانەت ئەوانەشی کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانن نەیاتوانیوە ھۆکارێکم پێبدەن، کە ئێمە بۆچی ئەبێت شتێکی وا ئەنجام بدەین؟ 
ئەنجامدانی شتێکی وا سوودی چییە بۆ ئێمە؟!
سودی بۆ پارتی چییە؟ سوودی چییە بۆ دژە تیرۆر یان ھەر رێکخراوێکی تر لە کوردستان. تەنانەت یەک کەسیش لەوانەی کە من قسەم لەگەڵ کردوون نەیاتوانی ھۆکارێکم پێبڵێن!  من ساڵێکە رائەکەم و ئەمڕۆ و دێم بۆ لای کاک مەسعود بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان چاک بکەمەوە، کەواتە سوودی ئەنجامدانی ئەمە چییە! من چی بکەم کەسێک بەیانییەک لەخەو ھەستاوە و بیری کردووەتەوە و وتویەتی: ئۆە ئەمە ئیشی خۆی دەکات!


لە کۆتا چاوپێکەوتنتدا لەگەڵ رووداو باسی ئەوەت کردووە کە ھەرێمی کوردستان پشت بە غازی سلێمانی ئەبەستێت کە لە کۆرمۆرەوە دێت و سەرچاوەکانی غاز لە سلێمانین کە لەژێر کۆنترۆڵە یەکێتیدایە؟
لە راستیدا لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدا نین، بەڵکو دەکەونە ناوچەی جوگرافیای ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی. دەنا، یەکێتی بەھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ھیچ یەک لە گرێبەستەکانی غازی سروشتییەوە نییە.
 
لیزێ پۆرتەر: تا چ رادەیەک کێشەکانی تایبەت بە وزە ھۆکارن لە گرژبوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی؟ 
 
بافڵ تاڵەبانی: تا ئەو رادەیەش نیە کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە. من زۆر نائومێدم لە سیاسەتی نەوت و غاز و لام پەسەند نییە. پێموایە سیاسەتێکی کاریگەر نییە تێناگەم بۆچی خواستی ئەوە نییە کە ئیش لەگەڵ بەغدا بکەین. من کەسێکم کە شارەزایی دارایی نیم، بەڵام دەزانم کە بەسرە ھەزار نێدەی سلێمانی دەوڵەمەندە، تەنیا بەسرە، ئەگەر سەرۆکوەزیران بێت بۆ لای من و پێم بڵێت: سڵاو، بافڵ تاڵەبانی، دەورییە بچووکەکەی خۆت بخە سەر مێزە گەورە و ئیتر تۆ دەبیتە بەشێک لە مێزە گەورەکە کە بەسرەشی تێدایە، وەک ھەلێکی زێڕین سەیری دەکەم".
ئیتر ئەمەش واملێدەکات کە بپرسم، ئەگەر ناتەوێت ئەو شتە بکەیت؟ بۆچی ناتەوێت ئەو شتە بکەیت؟ ئەبێت دەورییەکەی خۆت چی لێبێت؟ خواردنەکەی سەری بۆ کوێ دەڕوات؟ چونکە لەڕووی لۆجیکییەوە ناکرێت کەسێک ھەبێت کە نەیەوێت ئەو شتەبکات. 
شتەکە ئەوەیە بمانەوێت یان نەمانەوێت کۆمەڵێک گرێبەست بۆ چەند ساڵێک واژووکراون. سەری ئەو ژمارانە بکە کە چەن ساڵێک ئاشتی ھەورامی بە ئێمەی وتن. ئەو بەڵێنانەی کە پێیداین کە کوردستان چی لێدێت، سەیری واقیعەکەش بکە کە چۆنە؟! 
تاکە کێشەی ئێمە لەگەڵ غازی سروشتی ئەوەیە، نامانەوێت بەخراپی بەڕێوەببرێت وەک نەوت. ئەوە تاکە کێشەی ئێمەیە، چونکە ئەوە تاکە سەرچاوەیە کە لەدەستی ئێمەدا ماوە، لەدەرەوەی ئەو کانزایانەی کە ھەمانن. ئەگەر غازیش بەشێوەیەکی خراپ بەڕێوەبەرین ھەرێمی کوردستان تووشی کارەسات دەبێت. 
ئێستا شتێکت پێدەڵێم کە پێشتر بە ھیچ کەسم نەوتووە، چەند مانگێک لەمەوبەر لێدوانێکی تارادەیەک تووندمدا، بۆ ئەوەی کاردانەوەکان بزانم؟ 
 
لیزێ پۆرتەر: بەڵێ
بافڵ تاڵەبانی: مەگەر بەسەر لاشەی مندا غاز رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن.
 
لیزێ پۆرتەر: خەریک بوو پرسیاری ئەوەت لێبکەم.
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەبوو ئەو ئەنجامە روویدا کە چاوەڕێم دەکرد، وەفدێکی بچووک لە ھەولێرەوە ھات. وتیان، با گفتوگۆ بکەین لەسەر غازی سروشتی. زۆر دڵخۆشبوو. من وابیرم دەکردەوە ئێستا دادەنیشین و سەیری دۆخەکە دەکەین بەشێوەیەکی ئەقڵانی، چەند غازمان ھەیە؟ ئەمانەوێت چەند بەرھەم بھێنین؟ چی لێدەکەین کە بەرھەممانھێنا؟ وابیرم ئەکردەوە کە لەوانەیە یەکەمجار بازرگانییە بچووکەکانی پێ پڕبکەینەوە، کارەبای ٢٤ کاتژمێری پێ بەرھەم بھێنینن دواتر ھەرچەندی مایەوە ھەناردەی بکەین، بۆ نمونە بەغدا پێویستی بە غاز و کارەبا ھەیە، ئەوروپا پێویستی پێیەتی، تورکیا پێویستی پێیەتی. من وردەکارییەکی نازانم، بەڵام پێویستی بە بیرکردنەوەی ورد نییە کە لە ھاویندا غاز رەوانەی بەغدا بکەین کە پێویستیا پێیەتی، لە زستانیشدا ھەناردەی ئەوروپای بکەین. ئەوە ئەو شتەبوو کە من لە مێشکی خۆم دامنابوو و بیرم لێدەکردەوە کە گفتوگۆی لەسەر بکەین. دوای کە ھاتن ئەزانی باسی چیمان کرد؟ لەسەدا چەند بۆ یەکێتی و لەسەدا چەند بۆ پارتی؟ راستگۆبم، وتم: بچنەدەرەوە، ئەمە ئەو شتە نییە کە من دەمەوێت گفتوگۆی لەبارەوە بکەم. ھەمان ئەو شتانەی پێشوو بوو. غاز موڵکی یەکێتی نییە، موڵکی پارتی نییە، موڵکی خەڵکی کوردستان و عێراقە. ھی من نیە و منیش دەسەڵاتم بەسەریدا نییە.
ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش ئەبێت بگۆڕێت. ناتوانین بەیانییەک لەخەو ھەستین و بڵێین: چەند کێڵگەیەکی غاز لێرەیە و چەند کێڵگەیەکی نەوتیش لەوێیە، ئۆو ئەمە عەین زالەیە و من دەیبەم بۆ خۆم. بۆچی؟ چۆن دەوێریت شتێکی لەو شێوەیە بکەیت؟ بە چ مافێک ئەو نەوتە دەبەیت؟ ئەمە نەبوونی دامەزراوەیە کە رێگەدەدرێت شتی لەم شێوەیە رووبدات، نەبوونی دامەزراوەی راستەقینەیە. کاتێکیش کە یاسا سەروەر نەبێت بێگومان دامەزراوەی راستەقینەش نابن.  با چیرۆکێکی ترت بۆ باس بکەم کە لەلایەن ئاسایشەوە دیکیۆمێنت کراوە (بەڵگە کراوە) کە ڤیدیۆیە. کەسێک ھەیە ناوی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە لە چەمچەماڵ. کەسێکی نزیکی، نازانم بەدروستی چیەتی، بەڵام کەسێکی نزیکە لێوە، نامەوێت بە ھەڵە بیڵێم لەبەر ھۆکاری یاسایی، بەلام با بڵێین کەسێک کە پەیوەندی بە ئەوەوە ھەیە،  تێوەگلاوە لە کوشتنی کارمەندێکی ئاسایش، بەڵگەی ڤیدیۆیی ھەیە و فەرمانی دەستگیر کردنیشی ھەیە. بیری لێبکەیەوە چی لە فەرماندی دەستگیر کردنەکەی ھات؟ بۆچی دەستگیر نەکرا؟ من پێتئەڵێم چی روویدا. کەیسەکەی گوازرایەوە بۆ یەکێک لە دادگاکانی ھەولێر، بەشێوەیەکی سحری سوڵحی عەشایەری بۆ کرا و چارەسەر کرا. چیرۆکەکە لێرە کۆتایی نایەت، بەیانیەک ھەڵدەستێتەوە و بووە بە لیوا. لە شەوروژێکدا لە کەسێکی ھەڵاتووی داواکراوە بوو بە فەرماندەی ھێز و ھێزەکەشی بە فەرمی بووە بەشێک لە حکومەتی ھەرێم. ئەمە شتێکی سەیرە، ھەر زۆر سەیرە. پێش ھەموو شتێک ئەمە بێڕێزییە بە پێکھاتەی سەربازی ئێمە. ئەوان باسی چاکسازیدەکەن لە ھێزی پێشمەرگەدا ئەمە چاکسازییەکەیە؟ کەسێکی راکردووی تۆمەتبار بکەن بە فەرماندە لە شەورۆژێکدا.
 لیزێ پۆرتەر: پێتوایە ئەمە پارتییە کە دەیەوێت لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی ھێز دروستبکات؟

بافڵ تاڵەبانی:
پێویستیان بەوە نیە ھێز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا دروست بکەن، بە جددی پێویستیان بەوە نییە.  لە خراپترین کاتی پەیوەندی نێوان من و کاک مەسعود کە بە ددان و نینۆک شەڕماندەکرد لە بەغدا، کێشەیەکی ئەمنی لە دەوروبەری ھەولێر دروستبوو. من تەلەفۆنم بۆ کاک مەسعود کرد و پێم وت: ئەگەر شتێک روویدا من و ھێزەکانی دژەتیرۆر دێین و چارەسەری دەکەین، لەبەر ئەوەی نامەوێت خەڵک وابیربکەنەوە کە کورد یەکگرتوو نییە.
ئەمە ھەمووی ھەلە بۆ خەڵکی خراپ کە شتی خراپ بکەن. بۆ ئەوەی ھەرێمەکە بخەیتە سەر ئاگر تەنیا یەک تەقەکردن پێویستە، کەسێک لەولا گوللەیەک دەتەقێنێت و کەسێکی تریش لەملا وەڵامیدەداتەوە، شتەکان ھەمووی تێدەچێت بەسەر یەکدا و پێش ئەوەی تۆ ھەستی پێبکەیت ھەرێمەکە دەکەوێتە سەر ئاگر. لەبەر ئەوە من ھەرگیز تۆڵەی ئەم شتانە ناکەمەوە، دەنا زۆر ئاسانە. ھۆزەکانی لاکەی تر دەستم ماچ دەکەن بۆ ئەوەی ھێزیان بۆ دروستبکەم و ئەشتوانم بۆ بە کاریگەرانە ئەو کارە بکەم. تەنانەت ئێستا ناوی سێ لەوانە لە مێشکمدایە کە دەتوانم ھێزیان بۆ دروست بکەم. 
 
لیزێ پۆرتەر: لە دھۆک و  ھەولێر
بافڵ تاڵەبانی: بە دڵنیاییەوە، بەڵام ناکرێت خراپە بە خراپە وەڵام بدرێتەوە. ئەمە یەکێکە لە ھۆکارەکان کە یەکێتی ئەو یارییە ناکات. من ئامادە نیم ئەو یارییە بکەم چونکە یارییەکی خراپە، باوەڕیشم وایە بەمزووانە پارتی لەوە تێدەگات کە ئەو جۆرە یارییانە ئەنجامیان نابێت. 
لیزێ پۆرتەر:  خەڵکی خەمیانە کە ئایا دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠کان کە یەکێتی و پارتی شەڕیان لەدژی یەکتری دەکرد.
بافڵ تاڵەبانی:ھەرگیز، بەسەر جەستەی مندا. 
 
لیزێ پۆرتەر:  با بگەڕێینەوە بۆ بابەتی بۆری غاز، کار گروپ گرێبەستی ئەو پرۆژەیەی وەرگرت.
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، کار گروپ ئەو پرۆژەیەی وەرنەگرت، بەڵکو ئەو پرۆژەیی پێدرا، ھیچ پرۆسەیەکی تەندەرین نەبوو، نەشچوو بۆ ئەنجوومەنی نەوت و غاز. ھیچ تەندەرێک لە ئارادا نەبوو. کەسێک بەیانی لەخەو ھەستا و وتی: با ئەمە بۆ کار گروپ بێت. کێ خاوەنی کار گروپە؟ ئەوە گەندەڵییەکی زۆر روونە 
چاوەڕێش دەکەن ھەمووان دانبیشن بەبێ دەنگی و بڵێن، نەخێر نەخێر، ئاساییە ئەو شتە لەپێناو سەقامگیری ھەرێمەکەمان، لەپێناو حکومەتی ھەرێم با ھیچ شتێک نەڵێین. ئەمە بێڕێزییە بە خەڵکی کوردستان کە ئەم شتانە روودەدەن. گەیشتووەتە لوتکە، راھاتوون کە ساختەکاری ئەنجام بدەن. جارانسێ بۆ چوار کۆمپانیا ئامادەیی خۆیان دەرببڕیایە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە وایلێھاتووە، کە گوێ بەوەش نادەن، کەوتوونەتە سەر رێگاکە و راھاتوون کە پارە بخەنە گیرفانیانەوە. وایان لێھاتووە بەیانیەک لەخەو ھەڵدەستن و دەڵێن: ئۆو کارگروپ، ئەمەی بۆ دەرچوو، ئەمە بۆ کار گروپ.
 
لیزێ پۆرتەر: کار گروپ گرێبەستی بۆری پێدراوە، لەو کاتەوە چی روویداوە؟ تۆ دژایەتی ئەو گرێبەستەت دەکرد.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵی من ئەو کارەم کرد. 
 
لیزێ پۆرتەر:  ئەی ئەوە ئێستا چی لێدێت؟ چی روودەدات.
بافڵ تاڵەبانی: بەتەواوەتی ھیچ شتێک. من ھەوڵمدا دانوستانیان لەگەڵ بکەم، بەڵام وەک بینیمان دانووستانەکە گەیشتن بەش و بەش کاری کە ئەوە بە ھیچ شێوەیەک ئامانجی من نیە. من دەمویست گفتوگۆ لەسەر ستراتج بکەم. 
 
لیزێ پۆرتەر:  وا دەردەکەوێت کە تۆ بیرۆکەیەکی جیاوازت ھەیە لەبارەی ئەوەی کە کەرتی نەوت و غاز چۆن کار دەکات و چۆن دەبێت کاری تێدا بکرێت؟ 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ
 
لیزێ پۆرتەر: ئەگەر تۆ کەرتی غازی ھەرێمی کوردستانت گەشەپێبدایە کە زۆرینەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە ئەو پرۆسەیە چۆن دەبوو؟ بە چ تیۆرییەک ئەوەت ئەنجام دەدات؟
بافڵ تاڵەبانی: نامەوێت ھەرگیز کارێکی وا بکەم. ئەمە تووشی سەرسوڕمانت دەکات، بەڵام دەمەوێت حکومەت ئەو کارە بکات. بەڵام خەزیش دەکەم ئەو حکومەتە حکومەتی منیش بێت. تەنیا حکومەت چەند کەسێک نەبێت کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن.  ھەموو ئەوەی کە پێویستە شەفافیەت، پلانێکی یاسایی و  دادپەروەرانەیە. نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە ئەم بابەتە زۆر ئاڵۆز بووە بەھۆی ئەو بڕیارەی کە دادگای فیدراڵی عێراق داویەتی. دەبێت زۆر وریابین لەبارەی ئەم شتانە، چونکە ھەموو شتێک پەیوەستە بە یاساوە، چونکە ئەوە نیشانمان دەدات کە ئێمە لەکوێی ھاوکێشەکەداین، ھەرکاتێکیش کە ئەوەمان زانی لەوانەیە بزانین بڕیارە دروستەکە بدەین. 
 
تاکە شت کە من لێی دڵنیام ئەوەیە، سەری خۆمان بکەین بەژێر خۆڵدا و بڵێین: لە بەغدا شتێک رووینەداوە و ھەموو شتێک باشە و با بەردەوام بین ھیچ شتێک باشنابێت و چارەسەرێکی باش نابێت.  
لەبەر ئەوە من ھانی ئەوە دەدەم حکومەتی ھەرێم لە دۆخەکە تێبگات، با سەرەتا حکومەتی ھەرێم رزگار بکەین.
ئەم دواییانە من تۆمەتبار دەکرێم بەوەی کە دەمەوێت حکومەتی ھەرێم بڕوخێنم، من ئەگەر بنمویستایە لەماوەی پێنج خولەکدا ئەو کارەم دەکرد تەنیا بە وتنی ئەوەی کە، "با یەکێتی بێتەدەرەوە لە حکومەت"، بەڵام ئەوە ویستی من نییە. شانازی دەکەم بەو ھەموو دانبەخۆداگرتنەی یەکێتیش کە لە ماوەی رابردوودا نیشانیداوە. لەنێو حکومەتی ھەرێمیشدا خەڵکانێک ھەن کە زۆر بەباشی کاردەکەن بۆ ئەوەی حکومەتەکە لەناوبەرن، پێویستیان بە ھاوکار ئێمە نیە، چونکە بەبێ ئێمەش خۆیان خەریکە ئەو کارە دەکەن.  
 
لیزێ پۆرتەر: ھیچ پلانێکت ھەیە بۆ گەشەدان بۆ بۆری غاز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لەم ستاتەدا؟
بافڵ تاڵەبانی: بەھیچ شێوەیەک، من ھەمان ئەو ھەڵەیە ناکەم کە ئەوانی تر ئەنجامیاندا. ھەرچی بکەین پێویستە یاسایی بێت، شەفاف و متمانە پێکراو بێت. ئەگەر بمویستایە شتێکی وابکەم چەند مانگێک لەمەوبەر زۆر بەئاسانی دەمتوانی بیکەم،  رازیدەبووم بەو بەشی کە بۆم دانراوە و گیرفانی خۆم پڕدەکرد وەک ھەموو ئەوانی تر، بەڵام پێموایە زۆر نابەرپرسیارانەیە ئێستا ئەو کار بکەین. 
لیزێ پۆرتەر: وابزام دوێنێ فایەق زێدانت بینی؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەو ھاوڕێیەکی ئازیزی منە.
 
لیزێ پۆرتەر:  باسی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیتان کرد لەبارەی کەرتی نەوت و غازی ھەرێم.
بافڵ تاڵەبانی:  راستگۆبم نەخێر، 
 
لیزێ پۆرتەر:  ئەوەندەی من بزانم پێش پێکھێنانی حکومەت رێککەوتنێک کراوە بۆ کە حزبە کوردییەکان پشتیوانی پێکھێنانی حکومەت بکەن و لە بەرامبەردا فشارە یاساییەکانی سەر کەرتی نەوت و غازی بوەستێنرێن کە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەستیانپێکردووە، ئایا ئەم فشارانە بەراستی کەم بوونەتەوە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر،
ئەمە بڕیارێکی یاساییە و پەیوەستە بە حکومەتی ھەرێمەوە، ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێیوابێت، ئەم بڕیارە نایاساییە و دانی پێدا نەنێت ناگەین بە ھیچ شوێنێک. لە راستیدا ئەمە یەکێکی ترە لەو شتانی ئەم حکومەتە کە من زۆر بێزار دەکات، لە بنەماکانی دانووستاندن تێناگەن، وادابنێ ئۆتۆمبێلێمان ھەیە کە وادانراوە بە ١٠ ھەزار دۆلار بفرۆشرێت، من دەمەوێت بە ٥ ھەزار دۆلار بیکڕم. نرخی راستەقینەی خۆشی ٧ ھەزار دۆلارە، ھەموو کەسێکیش ئەوە دەزانێت کە نرخە راستەقینەکەی ٧ ھەزار دۆلارە، بەڵام کە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکەیت دەڵێت ١٢ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار. 
 
لیزێ پۆرتەر: وا دەردەکەویت کە بیرکردنەوەکانت زۆرتر لە قازانجی ناوەندە لەبارەی نەوت و غازەوە و دەتەوێت پردی زیاتر لەگەڵ بەغدا دروست بکەیت.
بافڵ تاڵەبانی:  من شەفافیەتم دەوێت، شەفافیەت لەکوێ بێت منیش بەرەو ئەوێ دەڕۆم. 
قوباد دەستپێشخەرییەکی زۆر باشی ھەیە و پێموایە ئەم مانگە ھەموو کەس دەتوانێت دینار بە دیناری داھاتی باج و سنوورەکان بەشێوەیەکی ئۆنڵاین ببینن ئەوەی پەیوەند بە ئێمەوە ھەیە. بۆچی؟ چونکە ئێمە شەفافیەتمان دەوێت، بەھیوام کە ئێمە ئەمان کرد ئەوانیش لە لاکەی ترەوە ھەمان شت ئەنجام بدەن؟ بۆ عەین زالەش ھەمان شت ئەنجام بدەن، بۆ سەر سنووری سووریاش ھەمان شت ئەنجام بدەن. راستگۆ بم، ئێمە ناوەستین لە چاکسازیی. 
 
لیزێ پۆرتەر:  ئەم ھاوینە چەندین ھێرشمان بینی کە کرانە سەر کۆرمۆر، 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ 
لیزێ پۆرتەر: ئەو کۆمپانیایانەی کە لەوێ کاردەکەن گەرەنتی ئەوەیان دەویست کە جارێکی تر ئەو ھێرشانە دووبارە نەبنەوە. 
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە من تووشی سەرسوڕمان ناکات.
لیزێ پۆرتەر: چ گەرەنتیەک؟
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ھیچ کەس ناتوانێت ھیچ گەرەنتییەک بدات لەم کاتەدا کە ئەم ھێرشانە دووبارە نابنەوە. ھەرکات حکومەت توانی باشتر کارەکانی بکات و تێگەیشتێکی باشتری ھەبێت بۆ دۆخەکە ئەوکات پێوایە دەتوانین ھەنگاو بنێین بەرەو ئەوەی کە گەرەنتی بدەین ئەم کۆمپانیایانە. بەڵام ناتوانین گەرەنتی بدەین ھەتاوەکو زانیاری تەواومان نەبێت لەسەر وردەکارییەکان کە ئەم شتانە چۆ روویانداوە و بۆچی روودەدەن؟



لیزێ پۆرتەر: چ شتێک تۆ ئەھێنێت بۆ بەغدا؟ وەک دیارە ئەم ماوەیە چەندین کۆبوونەوەت ھەبووە و شاندی حکومەتی ھەرێمیش لێرەیە لە بەغدا لەم ساتەدا.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەم ئێوارەیە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵا ھەیە لە بەغدا کە من نێوەندگیرەکەیم و رێکمخستووە. ئەوە ھۆکاری سەردانی منە بۆ بەغدا، کە ھەموو حزبە بەشدارەکانی حکومەت قەناعەت بکەن و دەستبە ئەجێندای ئیشکردن بکەن. ئەمڕۆ بابەتی گرنگ باس دەکەین و پێشموایە ئەبێت شتی لەم شێوەیەش لە کوردستان بکەین.
 
لیزێ پۆرتەر: مەبەستت ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە؟ 
 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، ئەمە ئەو شتەیە کە وایکردووە من لێرە بم، ئەمشەو بەڕێوەدەچێت لێرە لە ماڵی مام جەلال. من حەزم لە سەردانیکردنی بەغدا ھەیە و ھاوڕێکانیشم دەبینم، حەزم لە بینینی فایەق زێدان و ھەموو ھاوڕێکانی ترم ھەیە. 
 
لیزێ پۆرتەر: ئایا یەکێتی ھیچ دانووستاندنێکی لەگەڵ حکومەتەکەی شیاع سوودانی کردووە بەجیا لە پارتی لەسەر کەرتی نەوت و غازی ھەرێم؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، ئێمە تەنیا ئەوەمان بە حکومەتی عێراقی وتووە کە یەکێتی بۆچوونی جیاوازی دەربارەی زۆر شت ھەیە و بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە ھەموومان یەکگرتوو بین. دیسانەوە ئەمە دەڵێمەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە لە حکومەتی ھەرێم پێویستبوو ئەنجامی بدەین، بەڵام بەداخەوە حکومەتی ھەرێم خواستی ئەنجامدانی شتێکی لەم شێوەیەی نییە، پێیباشە ئەو شتانە بکات کە پێشتر من بۆم باسکردیت.
 
لیزێ پۆرتەر: باسی ئەوەت کرد کە ھاتوویت بۆ ئێرە بۆ بینینی ھاوڕێکانت، پێموابێت، موسەنا سامەرایی و قەیز خەز عەلی-شت بینیووە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ رەیان کلدانی (سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیون)م بینیوە. چەند وەزیرێکم بینیون، بەڵام ھێشتاش پیرۆزبایم لە زۆرێکیان نەکردووە، ئەمەوێت ھەموویان ببینم و پێیان بڵێم: یەکێتی دەیەوێت پشتیوانتان بێت، یەکێتی حکومەتێکی سەرکەوتووی دەوێت، یەکێتی ھانتان دەدات بۆ  ئەوەی ئیشی باش بکەن لەدژی گەندەڵی، یەکێتی ھانتان دەدات بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی ئەنجام بدەن و ناشبێتە سەرئێشە بۆتان، چونکە خۆی لە بنەڕەتدا بەشی پێویست سەرئێشە ھەیە. دەمەوێت پێیان بڵێم: ئێمە وەک یەکێتی چەندین قوربانیمان داوە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق و بەردەوامیش دەبین لەم قوربانیدانە. ئەمەوێت ئەو پەیامە بگات کە من نامەوێت کێشەی زیاتر دروستببێت، بەڵکو دەمەوێت ھۆکار بم بۆ ئەوەی شتەکان ئاسانتر بن.
 
لیزێ پۆرتەر: ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید چۆنە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: زۆر باشە، شەوی رابردوو بۆ ماوەیەک لەگەڵی بووم.
 
لیزێ پۆرتەر: باسی چیتان کرد؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ھەموو شتێک.
 
لیزێ پۆرتەر: لە کۆتایدا ئەو کاندیدی ئێوە نەبوو
 
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە نابێت مرۆڤ لەسەر ئەوەی کە زیرەکە و دوو بیرۆکەی ھەیە سزا بدرێت، لەکاتێکدا بەرامبەرەکەی ھەموو گرەوەکەی لەسەر یەک شتە. پێموانییە دانانی پلانی زیرەکانە ھەرگیز سزای بەدواوەبێت.
 
لیزێ پۆرتەر: کەواتە تۆ ئێستا ئیشی لەگەڵ ئەکەیت و وەک ئەوە سەیری ناکەیت کە "کاندیدی ئێوە نەبووبێت"؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئایا تۆ دەزانیت کە من لەگەڵ ئەم پیاوە گەورەبووم؟ لەبەر ئەوەیە کە من پێموایە سەیرە کە تۆ کردنی پرسیارێکی لەم شێوەیە بە پێویست دەزانیت!
 
لیزێ پۆرتەر: ئەویش و بەرھەم ساڵحیش لە بەریتانیا لەگەڵ تۆ بوون.
 
بافڵ تاڵەبانی: پێم سەیرە خەڵک پرسیاری لەم شێوەیە دەکات! من چەندین ساڵ لەگەڵ کاک لەتیف و ژیاوم و خاتوو شانازی پوورم ئێمەی گەورە کردووە.
 
لیزێ پۆرتەر: مەبەستم ئەوەیە کە ئەو کاندیدی ئێوە نەبوو.
بافڵ تاڵەبانی: ئەی کاندیدی کێ بوو؟!
 
لیزێ پۆرتەر: مەبەستم ئەوەیە راستە ئەو یەکێتییە، بەڵام کاندیدی پارتیش بوو.
بافڵ تاڵەبانی: ئایا ئەو کاندیدی پارتی بوو؟ ئایا کاندیدی پارتی نەبوو؟ ئایا ھەر بەراست کاندیدی پارتی بوو؟!
 
لیزێ پۆرتەر: وادەردەکەوێت بەشێوەیەک لە شێوەکان لە نێوەنددا بووبێت.
 
بافڵ تاڵەبانی: بەجدی؟! پێویستە ئاوا سەیری بکەین؟ یان بەو شێوەیەی کە پارتی ھیچ رێگەچارەیەکی تری لەبەدەمدا نەمابوو جگە لەوەی کە پشت بە د. لەتیف ببەستن و لە راستیشدا بیرۆکەیەکی باش بوو کە کارێکی وایان کرد.
 
لیزێ پۆرتەر: بەشێوەیەک لە شێوەکان وازیان لە رێبەر ئەحمەد ھێنا لە کۆتایدا.
بافڵ تاڵەبانی: بێگومان وایان کرد.
 
لیزێ پۆرتەر: بەرای تۆ ئەکرا رێبەر ئەحمەد لە بەغدا ئیش بکات؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نا پێموانییە و پێموایە کە ئەو تەنیا مەڕێکی قوربانی بوو کە ناوەکەشی ھێنرایە پێشەوە ھەر وابیرمەکردەوە کە ئەو مەڕی قوربانیە. رێبەر ئەحمەد چیرۆکێکی باشی ھەیە و کەسێکی خاوەن توانایە، بەڵام ئەو پەیوەندییەکانی باش نین لە بەغدا و ئەزموونی سیاسەتکردنی نییە لە بەغدا، کە ھەڵیشبژێردرا من بەلامەوە سەیر بوو و یەکسەر وتم: تەواو، ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ دەستکردن بە گفتوگۆ، بەڵام بەداخەوە وانەبوو و تەینا بڕیارێکی سەیر بوو.
 
لیزێ پۆرتەر: ئەمەوێت دەربارەی ھێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران و تورکیا گفتوگۆ بکەین.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ
 
لیزێ پۆرتەر: سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێک ھێرشی کردە سەر بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سلێمانی و کۆیە.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە زیاتر لە ٩٠٠ ھێرشی فڕۆکەکانی تورکیامان ھەبوو ھاوتا لەگەڵ ئەم ھێرشانەی ئێران. ئێمە سەرکۆنەی ھێرشەکانی سەر خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەین و دەشمانەوێت چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام قورسە چارەسەر بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە.
 
لیزێ پۆرتەر: با یەکەمجار باسی تورکیا بکەین، ئێمە ئەزانین کە لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین ھێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ھەبووە لە کەلار و چەمچەماڵ، چیت ھەیە لەسەر  ئەم ھێرشانە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە سەرکۆنەی سەرجەم ھێرشەکان دەکەین، بەتایبەت کوشتنی ھاووڵاتییانی بێتاوان. ئێمە تێدەگەین کە تورکیا کێشەی ھەیە، بەڵام ئێمە ھانی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین بە گفتوگۆ، چونکە مرۆڤ نابێت رێگەی دەرچوونی خۆی لە کێشە خاپوور بکات و دواتر نەتوانێت لێی بچێتە دەرەوە. پێویستە ھەمووان لەسەر رێگای دەرچوونیان لە کێشە گفتوگۆ بکەن و ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە ھانی دەدەین و لایەنگری ئەنجامدانی گفتوگۆ دەکەین.
 
لیزێ پۆرتەر: وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ لە تورکیا ھەبوو (پرۆسەی ئاشتی)؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەتەواوەتی.
 
لیزێ پۆرتەر: تۆ باسی دایەلۆگ دەکەیت، بەرای تۆ ئەم شتە چۆن روودەدات کە دایەلۆگ دروست ببێت، ئایا ھاکان فیدان قسەی لەگەڵ کردون لەم بارەیەوە؟ ئایا ئێوە چوون بۆ ئەنکەرە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەراستی ناتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە پەکەکەوە ھەیە و ئەبێت تورکیا قسە لەگەڵ پەکەکە بکات.
 
لیزێ پۆرتەر: قسەکەت دروستە، بەڵام ئایا ھیچ ئەگەرێک ھەیە رۆژێک یەکێتی ببێتە نێوەندگیری بابەتێکی لەم شێوەیە؟
بافڵ تاڵەبانی:  ئێمە  بەھەر شێوەیەک کە بتوانین ھاوکاری دەکەین، چونکە ئێمە پێمانخۆش نییە ھیچ کوردێک یان ھیچ کەسێک بکوژرێت. بەرای من کاتێک کەسێک بۆ چەندین ساڵ رێگەیەک دەگرێتەبەر و ھەمیشە ھیچ وەڵامدانەوەیەکی نابێت پێویستە ستراتیژێکی نوێ بگرێتەبەر، ئەگەر من بوومایە وامدەکرد! 
 
لیزێ پۆرتەر: تا ئێستا تورکیا داوای ھاوکاری لێکردون لەکاتی ئەنجامدانی ھێرشەکانیان؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە ھەرگیز رێگەخۆشناکەین یان ھاوکاری کەس ناکەین بۆ ئەوەی ھێرش بکاتە سەر کورد، ئەمەش شتێک نییە کە تەنیا پەیوەندی بە تورکیاوە ھەبێت و بڵێن: تەنیا ھاوکاری تورکیا ناکەین. ئەمە بۆ ھەموو کەس وایە و ئیشی ئێمە نیە یارمەتی کەس بدەین لە ھێرشکردندا.
 
لیزێ پۆرتەر: تورکیا لە ئێستادا پلانی ئۆپراسیۆنێکی تر ھەیە لە سووریا و دەشڵێن: ھێرشی زیاتر لە سلێمانی ئەنجام دەدەن، چاوەڕێی چی دەکەیت لەمە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: چاوەڕێی پێکدادان دەکەم و پێشموایە ئەمە باش نییە. لێرە لە بەغدا لەگەڵ ھاوڕێکانم قسە دەکەن و ئەوانیش زۆر بێزارن لەم دۆخە و منیش گلەییان لێناکەم و ھەر ئەبێت وابن. من پێموایە نابێت ئیتر ھێرشی تر ببینین، پێشموایە تاکە رێگەی دەربازبوون لەمە بریتیە لە، گفتوگۆ. ئەوەشی پەیوەندی بە براکانمەوە ھەیە لە سووریا دڵم لەلایانە، چونکە ئەوان پاڵەوانی شەڕی داعشن و ئەوەشی کە لە سووریا روودەدات پێویست نییە.
 
لیزێ پۆرتەر: ئەگەر تۆ ئەرۆدۆغان بوویتانە چیت ئەکرد؟ چۆن گفتوگۆت لەگەڵ پەکەکە دەکرد؟
بافڵ تاڵەبانی: نامەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە. نامەوێت ببمە ئەردۆغان، ئەمەوێت بافڵ بم. 
 
لیزێ پۆرتەر: ئەم دواییە چەندین ھێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانمان بینی لەلایەن ئێرانەوە و ھەفتەی پێشووش شیاع سودانی وتی: پاسەوانی سنووری فیدراڵی دەنێرنە سەر سنوورەکانی ئێران - عێراق.
 
بافڵ تاڵەبانی: زۆر باشە.
 
لیزێ پۆرتەر: ئەمە ویستی ئێران بوو و ئەوەندەشی من بزانم لە ئێستادا سنوورەکان لەژێر دەسەڵاتی پاسەوانە کوردە فیدراڵییەکاندان.
 
بافڵ تاڵەبانی:  وانیە، کێشەی کەمی ستافمان ھەیە. ئێمە ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ ئێران ھەیە و لە بەرامبەردا تەنیا یەک لیوامان ھەیە بۆ پارێزگاریکردن لێی. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ باسمان کردووە بۆ ئەوەی ستافی زیاتری بۆ دابنێت و بە خۆشحاڵییەوە ئەوانیش بەڵێنیانداوە کە وەک ھەنگاوی سەرەتا لیوایەکی تری بۆ دروستبکەن و کۆنترۆڵی سنوورەکان بکەن. پێشموایە کە گرنگە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان شتێکی لەو شێوەیەمان ھەبێت.
 
لیزێ پۆرتەر: ئایا کورد دەبن؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر بە ئەقڵانی بیربکەینەوە، بەڵێ کورد دەبن، خۆ ناچین لە بەسرەوە خەڵک بھێنین بۆ ئەوەی لە سەر سنوری عێراق و ئێران لە کوردستان پاسەوانیەتی بکەن. پێشموایە ئەمە شتێکی باشە و یارمەتی کەمکردنەوەی بێکاری دەدات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان.
 
لیزێ پۆرتەر: ئێران لەوانە نییە ئەم شتە قبوڵ بکات، چونکە ئەوان دەیانەوێت ھێزی ناوەند کۆنترۆڵی سنوورەکان بکات.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەی خۆ ئەوانیش پۆلیسی سنووری فێدراڵین.
 
لیزێ پۆرتەر: لەوانەیە کوردبوونی ئەم لیوایانە کێشە بێت
بافڵ تاڵەبانی: نا پێموانییە  رەچەڵەک و ئاینی ئەم کەسانە ببێتە کێشە. پێموایە، کێشەی ئەوان لە کەمی پاسەوانی سنوورە.
 
لیزێ پۆرتەر: شتێکی تر کە ئێران دەیەوێت بریتیە لە چەکداماڵینی گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە پێشتر روویداوە چەندین ساڵ پێش ئێستا لەلایەن حکومەتەوە کراوە.
 
 
لیزێ پۆرتەر: بەڵام ئەوان ئێستا چەکدارن
 
بافڵ تاڵەبانی:  بەڵی وایە، ئەوان ھەمیشە چەکیان ھەبووە، ھەموو حزبەکانیش چەکیان ھەیە.
 
 
لیزێ پۆرتەر: ئێران دەڵێت: نامانەوێت چەکداربن، چونکە لە سنوورەکانەوە چەک بە قاچاخ ھەناردەی ئێران دەکەن و ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان.
 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵی ئێران، ھەموو ئەوانە دەڵێت.
 
لیزێ پۆرتەر: ھەرگیز رازی ئەبیت بەوەی ئەو گروپانەی لە سلێمانی ھەن چەکەکانیان دابماڵرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەوە بڕیاری من نییە، بڕیاری حکومەتە.
 
لیزێ پۆرتەر: راستە، بەڵام واپێدەچێت لە ئێستادا حکومەت پێویستی بە رەزامەندی ئێوە بێت.
بافڵ تاڵەبانی: تا ئێستا ھیچ شتێک پێویستی بە رەزامەندی من نەبووە، وابزانم باش ئەبێت ئەگەر شتێکی وا ھەبێت، ھەرچەندە دیسانەوە من ئەمە دووپاتدەکەمەوە کە ئەوە بڕیاری حکومەتەوە، پێویستیشە حکومەت بڕیار بدات کە ئایا دەیانەوێت ئەم کارە بکەن یان نایانەوێت. یان حکومەتی ھەرێم یان حکومەتی ناوەندیی یەکێکیان پێویستە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدات کە ئایا ئەم بابەتە بەردەوامدەبێت! 
ئەم ھێرشانە زۆر جیاوازن. تۆش ئەوە ئەزانیت، وانیە؟ ئێرانییەکان کاتێک کە ھێرش دەکەن ھۆشداری دەدەن و دەڵێن: سبەی لەم کاتەدا ھێرش دەکەین، تەنانەت بە  پارێزگارەکانیش دەڵێن.
پێموابێت تەنانەت بە پارێزگارەکانیش دەڵێن: کە لەم سەعات و خولەکەدا ھاووڵاتی ھاتووچۆ دەکات.
من ئەم بابەتەم لەگەڵ ئێرانییەکان باسکردووە، ئەوە یەکێک بوو لەو شتانەی کە من دوێنێ لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق باسم کرد.
 
لیزێ پۆرتەر: بەڵێ بینیم، کە سەردانت کردبوو.
بافڵ تاڵەبانی:  وادەردەکەوێت کە زۆر جددی بن لەسەر بابەتەکە.
 
لیزێ پۆرتەر: ئەم بابەتە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئەوان، کەواتە ئەم کێشەیە بە کوێدەگات؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەوان ئێستا کۆمیتەیەکی ئاسایشیان ھەیە لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و ئێستا سەرقاڵی پلاندانانن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.
لیزێ پۆرتەر: ئایا لە حکومەتی ھەرێم و بەغدا و تاران پێکھاتووە ئەو کۆمیتەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ بەغدادیشی تێدایە و قسەکەت دروستە.
لیزێ پۆرتەر: پێتوایە ئەو کۆمیتەیە ھێرشەکان دەوەستێنێت؟
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە زۆر زووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، با چاوەڕێکەین و بزانین چی روودەدات لە کۆبوونەوەی داھاتوودا و پێموایە زۆر شت رووندەبێتەوە لەو کۆبوونەوەیەدا.
لیزێ پۆرتەر: ئەمەوێت باسی بەسیاسیکردنی ھێزە ئەمنییەکان بکەم، لە کۆتا چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کوردسات شێخ جەعفەر وتی: یەکگرتنەوەی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بەباشی بەڕێوەناچێت.
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر بەباشی بەڕێوەناچێت.
لیزێ پۆرتەر: بۆچی وایە؟
بافڵ تاڵەبانی: نازانم بۆچی وایە، ئێمە زۆر کاردەکەین لەسەر ئەم بابەتە. پێشتریش ئەم بابەتەم باسکرد، کە پێویستە دامەزراوەکانمان بەھێز بکەین. پێموایە لایەنێک دەیەوێت ئەمە وەک ھەلێک بەکاربھێنێت بۆ بەھێزکردنی سوپاکەی بەسەر لایەنێکی تردا و ئەمەش باش نییە. سەرچاوەی ھەموو ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بەسیاسیکردنی ھەموو شتێک. ھەموو شتێک بە سیاسی کراوە. 
یەکخستنی ھێزەکان ئەو شتەبوو کە چەند دەیەیەک لەمەوبەر مام جەلال بیری لێکردبووەوە.
لیزێ پۆرتەر: یەکخستنی ھێزەکان؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە زۆر سوورین لەسەر ئەنجامدانی، لەگەڵ ھاوپەیمانە ئەمەریکییەکانمان و ھاوپەیمانەکانی ترمان بەرەوپێشچوونی باشمان بەخۆوە بینووە لەم بابەتەدا.
 
لیزێ پۆرتەر:  کەواتە پێویستە چی بکرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: لەبیرتە پێموتی، ھەموو شتێک بەیەکەوە دەوەستێت؟ ئەمە یەکێکە لە نمونەکانی ئەوە کە بەربەستی خراوەتەبەردەم.
لیزێ پۆرتەر:  تەنانەت ئەمەریکییەکان و ھاوپەیمانانیش خەریکە دەڵێن: "ئەگەر ئەتانەوێت ھاوکاریی و پشتیوانییەکان بەردەوام بن ھێزەکانتان یەک بخەن"
 
بافڵ تاڵەبانی: پێویستبوو زیاتر پێگەی خۆیان بەکاربھێنن، تەنانەت پێویستبوو نقورچێکمان لێبگرن.
لیزێ پۆرتەر: بێمتمانەیی لەنێوان یەکێتی و پارتیشدا ھەیە
 
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ئەوە وێناکردنی دۆخەکەیە لەباشترین حاڵەتی خۆیدا (تۆ زۆر بەڕێزەوە وێنای ئەو بابەتە دەکەیت)، بەڵام ئێمە کوردین و زۆر ئاسانە کە چاکی بکەینەوە، تەنیا یەک ھەنگاو.... یەک ھەنگاو پێویستە.
لیزێ پۆرتەر: ئەم دواییانە کەیسی کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵان ھەبوو بەناوی سەھەند ئەحمەد، کە لە زیندانی پۆلیسدا کۆچی دوایی کرد. خێزانەکەی دەڵێن: لێیدراوە، پۆلیسیش دەڵێت: رایکردووە و کەوتووە و مردووە.
بافڵ تاڵەبانی: من قسە لەسەر ئەم بابەتە ناکەم تاوەکو ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان رانەگەیەنرێت و پێموابێت کارێکی ژیرانە نییە لەڕووی یاساییەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم. 
لیزێ پۆرتەر: باشە. با باس لە بابەتێکی جیاواز بکەین، بەم دواییە دەبینین ژمارەیەکی زۆر تۆمەتباری داعش لە سلێمانی دەستگیر دەکرێن.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، ئەم شتە بەردەوامە و تەنانەت دوێنێ شەو یەکەکانی دژەتیرۆر تاوەکو درەنگانی شەو سەرقاڵی ئۆپراسیۆن بوون.
 
لیزێ پۆرتەر: ئەتوانیت ھەندێک زانیاریم پێبدەیت کە ئەوان چۆن کاردەکەن؟ ئایا ئاژانسی ھەواڵگری ناوەندی زانیاریتان پێدەدات؟ ئەم بابەتە چۆنە؟
بافڵ تاڵەبانی: پێمباشە نەچمە نێو وردەکاریی ئەو پرۆسەیەوە، بەڵام ھێزەکانی دژەتیرۆر لە ھەموو شوێنێک ئۆپراسیۆنی خۆیان دەکەن لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان. لە ھەر شوێنێک ھێزەکانی دژەتیرۆر یان ھاوپەیمانەکانیان پێیانوابێت ئامانجێک ھەیە کە مەترسییە خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن، لە رابردووشدا وایان کردووە، بۆ نمونە چەندین تۆمەتباریان دەستگیر کردووە و ناردوونیانەتەوە بۆ باشووری عێراق. کەواتە، وەڵامەکە بەشێوەیەکی گشتی بەڵێیە، لە ھەرشوێنێکەوە زانیاری ھەبێت، ئەوان ئیشی لەسەر دەکەن لەدژی تێرۆریزم، لە ھەرشوێنێک.
لیزێ پۆرتەر: ئایا ژمارەی ئەو کوردانەی کە پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن لە ھەڵکشاندایە؟ یان ژمارەی ئەو داعشانە لە ھەڵکشاندایە کە دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان خۆیان حەشار بدەن؟
بافڵ تاڵەبانی: پێموابێت بەشێکی بەھۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەوەیە کە لەنێوان ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی ئێمەدا ھەیە و ھەردوولاکەی سنووریش فشەڵن. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە دەمەوێت لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق باسی بکەم، چۆن دەتوانین پێگەی خۆمان لەو ناوچانە بەھێزتر بکەین و پێشموایە نەھێشتنی ئەو بۆشاییانە ھاوکارییەکی باش دەبێت.
پێشموایە نابێت داعش بە کەم بگرین. نابێت وا بیربکەینەوە کە داعش کۆتایی ھاتووە و مەترسییەکەشیان نەماوە، چونکە بەدڵنیاییەوە وانییە. ھیواخوازم لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیە بتوانین بەیەکەوە ئەو مەترسییە کەم بکەینەوە.
 
لیزێ پۆرتەر: چەندین ساڵە باسی ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دەکرێت لە ناوچە جێناکۆکەکان.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە زۆر بەخێرایی بەرەوپێشوچوونی بەخۆیەوە بینیووە، ئێمە ھاوکار و پشتیوانی ھەموو شتێکین کە ئارامی ھەرێمەکەمان بپارێزێت و ببێتە ھۆکاری خستنەسەرکاری خەڵکەکەمان.
 
لیزێ پۆرتەر: ئایا لیوا ھاوبەشەکان بەیەکەوە ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دەکەن؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە دەڵێم: لە داھاتوودا ئەنجامی دەدەن.
 
لیزێ پۆرتەر: بەڕای من ئەوە خاڵە گرنگەکەیە، چۆن پارەدار دەکرێن و کێ پارەیان پێدەدات؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ.
لیزێ پۆرتەر: کەواتە، ناتوانن ئۆپراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدەن و کاری ھاوبەش بکەن.
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ئەوانە شتگەلێکی ئاسانن و بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن.
 
لیزێ پۆرتەر: ئایا کە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق پەسەندکرا لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پارەدار دەکرێن؟
بافڵ تاڵەبانی: پێویستە ھیوابخوازم کە وابێت، چونکە پێموانییە حکومەتی ھەرێم ئەو کارە بکات.
لیزێ پۆرتەر: تۆ دەڵێیت داعش کۆتایی نەھاتووە، پێتوایە ئاستی مەترسی داعش بۆ سەر ئاسایشی ھەرێم و  عێراق چەندە؟
بافڵ تاڵەبانی: زۆر مەترسین، چونکە ئەوان ھەموو ھەلێک و بۆشاییەک دەقۆزنەوە. کەواتە ئەبێت بۆشاییەکان نەھێڵین. ئەم کێشەی نەبوونی متمانەیە نەوەک تەنیا لەنێوان یەکێتی و پارتی بەڵکو لەنێوان ھێزەکانی حکومەتی ھەرێم و ھێزەکانی حکومەتی ناوەندیش ھەیە. ئێمە ئێستا کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەمە باشتربێت و ئیشی باشدەکەین لەسەر ئەو بابەتە. دوێنێ گروپێکی تۆکمە لەم ھێزانە لێرەبوون، چاویان بە ھاوبەشەکانیان کەوت و گفتوگۆکانیان زۆر بەرھەمدار بوون. ئەمە جیاوازییەکەیە کە ئەم ھێزانە، بەتایبەتی دژەتیرۆری یەکێتی و سوات  زۆر لەنزیکەوە ئیش لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان دەکەن و تیرۆریستان دەکەنە ئامانج. ئەگەر سەیری ژمارەی ئەو تۆمەتبارانە بکەیت کە لە ماوەی رابردوودا دەستگیر کراون و رادەستی بەغدا کراونەتەوە بۆتدەردەدەکەوێت کە لەگەڵ ھیچ ناوچەیەکی تر بەراورد ناکرێن لە کوردستان. 
 
لیزێ پۆرتەر: ئایا ئەوە بەھۆی ئەوەوە کە ئامانجەکان لە ناوچەکانی تر کەمترن، ژمارەی داعشەکان کەمترە؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، لەبەر ئەوەیە ئەم ھێزە ئەمنییانە بەباشی ئیشی خۆیاندەکەن.
لیزێ پۆرتەر: کەواتە پێتوایە داعش بەشێوەیەکی فراوان لە ھەولێر و دھۆکیش ھەبێت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەدڵنیاییەوە بەڵێ.
ئێمە ئۆپراسیۆنی زۆرمان ھەیە و من زۆر شانازی دەکەم بە ھێزە ئەمنییەکانمانەوە، چونکە کەسانی ئازا و ژیرن.
لیزێ پۆرتەر: لە ئێستاشدا ئەم ھێزانە بەدەست کێشەی داراییەوە دەناڵێنن، ئایا مووچەیان پێدەدرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: بە دڵنیاییەوە وایە، بە بەردەوامی بودجەکەیان دەبڕدرێت، مووچەی دەزگای زانیاری بڕاوە چەندین ساڵە، بەشێکی زۆری پارەی دژەتیرۆر بڕاوە. با رووداوێکت بۆ بگێڕمەوە، لەم ماوەیەدا کۆبوونەوەیەکم ھەبوو لەگەڵ بەشێکیان، ویستم ھەندێک قسەیان لەو بارەیەوە لەگەڵ بکەم و ورەیان پێببەخشم، دەزانی چی روویدا؟! سەیری ناوچاویان کردم و وتیان:، تۆ پێتوایە ئێمە ئەم کارە بۆ پارە ئەنجام دەدەین؟
 
لیزێ پۆرتەر: راستە، بەڵام لە کۆتایدا پێویستە پارە بەرنەوە بۆ خێزانەکانیان.
بافڵ تاڵەبانی: پێویستە زیندوو بمێننەوە، پێویستە بژێوی خێزانەکانیان دابینبکەن، ئێمەش ئەوەی پێمانبکرێت بۆ ھاوکاری کردنیان درێغی ناکەین، وەک ئەوەی کە ھەمیشە کردوومانە. ئەوان بڕبڕەی پشتی یەکێتین. ئەمە زۆر خەمبارمەکات کە ئەم خەڵکانە لەبری ئەوەی مەدالیایان پێبدرێت و خەڵات بکرێن بەشێوەیەکی سیاسی بەئامانج دەگیرێن. ئەگەر لە شوێنێکی تری ئەم دونیایە بوایە ئەم خەڵکانە وەک پاڵەوان سەیر دەکران کە بێگومان ئێستاش پاڵەوانن لای ھەمووان تەنیا لای ھەندێک کەسی پارتی نەبێت کە ئەم شتە پێچەوانەیە. ئەمەش شکستی ئەوان دەگەیەنێت نەوەک ھی من. 
زۆر ئاسانە ئەم حکومەتە ببێتە خاوەنی سەرکەوتنەکانیان، ئەوان بەشێکن لە حکومەتەکە کەواتە ئەبێت حکومەت شانازی بکات بەوەی کە ئەوان ئەنجامیدەدەن. 
وەھاب ھەڵەبجەیی لەدوای گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی زۆر بە قورسی کاری کرد بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆن و راھێنانی ھاوبەش لەگەڵ دژەتیرۆری عێراق بکات. جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئێستای دەزگای زانیاریش بەھەمانشێوە زۆر بە قورسی کاری کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ دەزگای پاراستن بەیەکەوە کاربکەن. زۆر نامۆبوو کە ئێمە بینیمان ئەتوانین لەگەڵ ھاوبەشە بیانیەکانمان ئیش بکەین، بەڵام ناتوانین لەگەڵ یەکتری کاربکەین، دەبوو لەڕێگەی ھاوبەشە بیانییەکانمانەوە زانیاری لەگەڵ یەکتری ئاڵوگۆڕبکەین. بۆ من ئەمە جۆرێک بوو لە بێڕێزی، زۆر شەرمەزارییەکە ئەم شتە، بەڵام پارتی ھیچ خواستێکی نییە کە ئەم شتە بگۆڕێت و ھەنگاوبێت بەرەو ئێمە، حەزیان لە ئەنجامدانی کارێکی وا نییە. ئەمەش ھەمووی دەبێتە بۆشایی و دووژمنەکان دەتوانن وەک ھەل بقۆزنەوە. 
 
لیزێ پۆرتەر: ئەمە سەرنجڕاکێشە، چونکە لە رابردوودا پارتی ھەمیشە دەیوت، قورسە بتوانرێت لەگەڵ لاھور ئیش بکرێت. ئێستاش شتەکان وادەردەکەون کە لە ئاستێکی نزمدابن.
بافڵ تاڵەبانی: ئۆ نا، ئێستا ئەو کوڕە چاکەکەیە.
لیزێ پۆرتەر: ئێستا ئەو کوڕە چاکەکەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ ئێستا ئەو ھاوڕێیانە و پارتیش ئەوی خۆشدەوێت. زۆر خۆشحاڵم کە ئەم پەیوەندییە خۆشەویستییەیان ھەیە، پێشموایە بۆ سەقامگیریی لە دوورمەودادا ئەمە باشترە. 
من خۆم بە کوڕ خراپەکە نابینم، بەپێچەوانەوە پێموایە، مامەڵەکردن لەگەڵ من زۆر ئاسانە، بەڵام من بەرپرسیارییەتییەکم ھەیە و بەرپرسیارییەتیەکەشم بریتیە لەوەی کە خزمەتی خەڵکەکەم بکەم، دڵنیاببمەوە کە نانیان ھەیە بخۆن و جلیان ھەیە لەبەری بکەن. خۆشتدەزانیت، ئێستا ساڵانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ نییە، خەڵکی بەوشتە رازی نین کە جاران پێڕازیبوون. گەنجەکانی ئێمە ھەمان ئەو شتەیان دەوێت کە گەنجێکی بەریتانی دەیەوێت. ئیشیان ئەوێت، ئاسایشیان ئەوێت، ئەیانەوێت گەرم و داپۆشراوبن، خزمەتگوزاریی و وڵاتێکی پێشکەوتوویان ئەوێت. منیش ھەمان ئەو شتەم دەوێت بۆ خەڵکەکەم. ئەگەر ویستنی ئەوە واتای ئەوە بێت کە من کەسێکی نەگونجاوم، ئەوە من دەڵێم: من حەزناکەم نەگونجاو بم، بەڵام ئەگەر پێویستبکات زۆر بەباشی ئەزانم چۆن نەگونجاو بم. 
لیزێ پۆرتەر: بیستوومە پارتییەکان پێتدەڵن تۆ خۆسەپێنیت.
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ئەوە ھەڵەترین گوزارشتە کە لە کەسایەتی من کرابێت و لەبارەی منەوە بوترێت، چونکە من حەزم لە خۆسەپێنی نییە، حەزم لە دیسپلینە و خۆشم زۆر پابەندی دیسپلینم، باوەڕم بە پلەبەندی و ئەقڵانیبوون ھەیە، بڕوام بەو شتانە ھەیە کە سیتماتیکین و بەپێی میتۆد ئەنجام دەدرێن. پێموایە دەبێت شتەکان ھەنگاو بە ھەنگاو ئەنجام بدرێن و لە ھەنگاوی یەکەوە بۆ دوو و لە دووەوە بۆ سێ، ئەگەر ئەمە خۆسەپێنییە بەرای ئەوان ئەوە ھەڵەی من نییە. پێموایە من خۆسەپێن نیم و بەپێچەوانەوە زۆر کۆمەڵایەتیم، کینە لە دڵ نیم، رقم لە کەس نییە، ئەمەش شتێکی بۆ ماوەییە و لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە. تەنانەت کاتێک کەسێک دەستەواژەی: رقم لەم کەسەیە بەکاردەھێنێت، من ھەرگیز لێی تێناگەم، چونکە یەک کەسیش نییە لەم سەرزەمینە کە من رقم لێی بێت. 
لیزێ پۆرتەر: ئەوە لەدەستدانی وزەیە.
بافڵ تاڵەبانی: خەڵک ھەیە کە من لێی نائومێدم، خەڵکیش ھەیە کە پێموایە: نەئەبوو ئەو شتەی بکردایە کە کردی، یان ئەو رێگایەی بگرتایەتەبەر بۆ کردنی ئەو شتەی کە کردی، بەڵام رقلێبوونەوە، ھەرگیز.
وابزانم ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەھۆی پێشینەسەربازییەکەمەوەیە و رووخساریشم وا دەردەکەوێت. خەڵکی سەیری رووخسارم دەکەن و دەڵێن: سەیرکە زۆر توڕەیە. بەپێچەوانەوە من زۆرینەی کات قسەی خۆش دەکەم و پێدەکەنم. تەنیا رووخسارم وادەردەکەوێت و وابزانم ناتوانم ئەوەش چارەسەر بکەم.
 
لیزێ پۆرتەر: حەزدەکەیت بۆ کاتێکی دورودرێژ لە کوردستان بمێنێتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵی بەدڵنیاییەوە. ئێستا واملێھاتووە ناتوانم کوردستان بەجێبھێڵم، کاتێک ئەچم بۆ ئەوەی پشوویەک وەربگرم دوای دوو بۆ سێ رۆژ راستەوخۆ دەمەوێت بگەڕێمەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە چیتر ناچم بۆ وەرگرتنی پشوو. 
لیزێ پۆرتەر: ناچیت بۆ بەریتانیا؟
بافڵ تاڵەبانی: دوو ساڵە سەردانی بەریتانیام نەکردووە، لەوانەیە زیاتریش.
لیزێ پۆرتەر: لەبەر کۆرۆنا؟
بافڵ تاڵەبانی: نا نەخێر بەھۆی کۆرۆناوە نەبووە.
لیزێ پۆرتەر: مەبەستم ئەوەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان لەوێش کارەسات ھەیە.
بافڵ تاڵەبانی: بۆچی؟
لیزێ پۆرتەر: ئاگاداری حکومەت ھەیت، سێ سەرۆکوەزیران!
بافڵ تاڵەبانی:  پێموایە لەدۆخێکدا نیم رەخنە لە حکومەتی کەس بگرم. وەڵامی من بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە، تۆ حکومەتەکەی ئێمەت بینیووە؟! بەڵام ئەوە راستە کە من خۆشەویستییەکی تایبەتم بۆ بۆ بەریتانیا و خاوەنشکۆ (پاشای بەریتانیا ھەیە). .
لیزێ پۆرتەر: زۆر باشبوو کە وتت خاونشکۆ، چونکە من تا ئێستاش شاژن بەکاردەھێنم.
بافڵ تاڵەبانی: منیش وەک تێبینی ئەوەم نووسیوە بۆ ئەوەی لێم تێکنەچێت، چونکە منیش لەنێوان شاژن و خاوەنشکۆ لێمتێکدەچێت، بەڵام زۆر شانازی ئەکەم بەو ھەموو یارمەتییەی ئەوان بۆ ئێمە و ئەو ھەموو چاکەیەی کە لەگەڵیان کردین. ئایا ئەزانیت کە بەریتانیا چاکەی زۆری لەگەڵ کردین.
لیزێ پۆرتەر: مەبەستت چییە لەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە کرابووینە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆمان، نەمانئەتوانی بە زمانی خۆمان قسە بکەین، قوتابخانەکانمان و ماڵەکانمان سووتێنرابوون، شاژن ماڵی بە ئێمەدا، خستینییە قوتابخانە، نانی پێداین، پێموایە مرۆڤ نابێت ئەم شتانە لەبیر بکات، وەفا! 
بۆیە پێموایە ئێمە پێویستمان بەوەیە سوپاسگوزاربین بۆ ئەو شتە. ھیچ کەس قەرزاری تۆ نییە کە ھەموو شتێک پێببەخشێت. من لە عێراق کرامەدەرەوە لە چەند وڵاتێکی تری دراوسێ خۆم بینییەوە، ھیچ یەک لە وڵاتانە نەیانتوانی بمانگرنەخۆیان تا لە کۆتاییدا لە بەریتانیا گیرساینەوە. 
پێویستبوو ئێمە خۆمان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە رابھێنین و پێشموایە ئەو فرە کلتورییەی لەوێ ھەیە بۆ کۆمەڵگە پێویستە، ھەرچەندە ھەموو وڵاتێک کەلتوری خۆی ئەبێت ھەبێت. ئێمە ھەموومان فێری ئینگلیزی بووین. تەنانەت داپیرەشم لەو تەمەنەدا فێری شۆفێری بوو و شۆفێری دەکرد بۆ کۆمپانیای سەینز بۆری. لەبەر ئەوە پێموایە مرۆڤ پێویستە زۆر سوپاسگوزار بێت، ئێستا ھەندێک شتی سەیر ئەبیستم، بەڵام تازە من پیربووم و لەوانەیە بیرکردنەوەم جیاواز بێت.
لیزێ پۆرتەر:  پرسیارێکی تری جددیم ھەیە.
بافڵ تاڵەبانی: تەنیا یەک دانە؟
لیزێ پۆرتەر: بەڵی یەک دانە، لەوانەیە ئەمە پەیوەندی بە شارەزایی تۆشەوە نەبێت، بەڵام پێمخۆشە کە بیرکردنەوەی تۆ لەبارەوە بزانم. سکاڵایەکی یاسایی ھەیە لە پاریس کە عێراق لەدژی تورکیا جوڵاندوویەتی، بەھۆی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوەی وڵات. پێدەچێت بڕیاردانیش لەسەری نزیک بووبێتەوە،  پێتوایە ئەم بابەتە چۆن کاردەکاتە سەر توانای ھەرێمی کوردستان لە ھەناردەکردنی نەوتدا.
بافڵ تاڵەبانی:  پێموایە ئەوە کار لە ھەموو شتێک دەکات، قسەکەی تۆ دروستە، ئەم بابەتە شارەزایی من نییە، زیاتر پەیوەندی بە قوبادەوە ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەڵێ، پێموایە کار دەکاتە سەر ھەموو شتێک.
لیزێ پۆرتەر: ھیچ لێکتێگەیشتنێک ھەیە بۆ ئەوەی بڕیاردان لەسەری دوابخرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: راستگۆبم لەگەڵت، ھیچی ئەوتۆم لەبارەیەوە نەبیستووە.
لیزێ پۆرتەر: کێشەیەکی گەورەی دوو لایەنەیە و بیستوومانە کە بەغدا بانگەشەی دەیان ملیار دۆلار دەکات لەبارەیەوە.
بافڵ تاڵەبانی: پارەیەکی زۆرە.
لیزێ پۆرتەر: تورکیا لە ئێستادا ئەو بڕپارەیەی نییە.
بافڵ تاڵەبانی: پارەیەکی زۆرە، نەمئەزانی بەو رێژەیە پارەکە زۆرە.
لیزێ پۆرتەر: لە چەند کەسێکم بیستووە بڕی یارەکە لەنێوان ٢٦ بۆ ٣٠ ملیار دۆلارە، بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە دوولایەنەکە. پێتوایە ھیچ رێگەیەک ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەمە لە دەرەوەی دادگا.
بافڵ تاڵەبانی: بەداخەوەم، بەڵام ئەوە شتێک نییە کە من بتوانم وەڵامەکەی بدەمەوە، چونکە زانیاری تەواوەتیم نیە و قوباد ئەو کەسە کە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
 
لیزێ پۆرتەر: وا دەردەکەوێت تۆ و یەکێتی زۆر نزیکترن لە بەغدا بە بەراورد بە پارتی. بۆیە حەزئەکەم بزانم، باسی چارەسەر و  سیناریۆکانی چارەسەرکردن دەکەن؟ کە چۆن دەبن؟
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە ئێمە لەبەر ئەم شتە نزیک نین لە بەغداوە، ئێمە لە بەغداوە نزیکین لەبەر ئەوەی پێویستە نزیک بین لە بەغداوە. چ پێمانخۆش بێت یان نا ئێمە بەشێکی عێراقین.
پێموایە یەکێک لە خاڵە بەھێزەکانی یەکێتی بەھۆی پەیوەندییە نێوخۆی و نێودەوڵەتییەکانیەوە بوو. لەدوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت و دایکم، ھەموو ئەو کێشە بێمانایانەی تر کە روویاندا ئەم پەیوەندییانە پشتگوێخران. ئێستاش ئێمە توانیومانە شتێک لەسەر مێزی بەغدا دابنێینەوە و ھاوڕێکانیشمان دەیانەوێت ئێمە زیاتر چالاک بین لە بەغدا، ئەمەش ئەو شتەیە کە یەکێتی راستەقینە دەیکات و من بە شتێکی جیاوازی نابینم، چونکە ئەمە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ ریشەی خۆی و دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەمووان. ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە بڕوامان پێی ھەیە و من ئەنجامی دەدەم. 
من کاتێکی زۆر لە بەغدا بەسەردەبەم و لە ئێستاشدا سەقاڵی بونیادنانی مەکتەبی سیاسین لە لەغدا و دوو ھەفتە جارێک من لێرە دەبم دوو بۆ سێ رۆژ. دوێنێ بەڵێنم بە فایەق زێدان و بەشێکی تر لە ھاوڕێکانمدا دا کە لە بەغدا چالاکییەکانم زیاتر بکەم. ئەمەوێت ئەم کارە بکەم. پێموایە لەوانەیە بتوانین لە بەغدادەوە یارمەتی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بدەین و یەکێتیش زۆر شتی ھەیە کە بیخاتە سەر مێزەکە. پەیوەندیی گەلێکی باشمان ھەیە. یارییەکەش لێرە لە بەغدا جیاوازە، چونکە بۆردی شەترەنجەکە زۆر گەورەیە لێرە. 
زۆر سەیر و سەمەرەشە کە چارەسەری کێشەی کوردستان و ھەولێر لە بەغدا بێت. 
 
لیزێ پۆرتەر: قسە لەگەڵ بەغدا دەکەین دەربارەی ئەوەی سلێمانی وەک ئیدارەیەکی جیاواز ببینن؟ بۆ ئەوەی لە بەغداوە پارەی بۆبێت نەوەک لە حکومەتی ھەرێمەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: مەرج نییە، ئێمە سەیری ھەموو چارەسەرەکان، رێگاچارەکان و تەنانەت رێگا یاساییەکانیش دەکەین. ئێمە کێشەمان لەگەڵ بەشێکی حکومەتی ھەرێم ھەیە و ھەندێک کێشەی ئەمنیش ھەیە، بەڵام چەندین رێگەچارە ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئێمە بۆچی بەیەکەوە دانیشتووین؟ چونکە تۆ ویستت لەگەڵ من دابنیشیت و منیش ویستم لەگەڵ تۆ دابنیشیم. ئەگەر تۆ نەتویستایە لەگەڵ من دابنیشیت، نەماندەتوانی ئەو کارە بکەین ھەرچەندە من سووربوومایە لەسەر ئەوەی کە لەگەڵت دابنیشیم! شتەکە لەگەڵ پارتی رێک وەک ئەوە وایە کە بۆم باسکردیت. ئێمە ئەو رۆژەی کە ٢٦ بۆ ٢٧ حزبمان کۆکردەوە باسی ئەم بابەتەمان کرد. 
لیزێ پۆرتەر: لە دوکان؟ 
بافڵ تاڵەبانی:  بەڵێ، پارتی نەھات، بەدڵنیاییشەوە نایەن لەبەر ئەوەی ئەوە گفتوگۆی تایبەت بە یەکگرتووی کوردە! ئێستاش تێناگەم کە بۆچی نەھاتن، ھەرچەندە بانگھێشتیش کرابوون، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ھەمووان وا بیریان دەکردەوە کە بانگھێشت نەکرابوون.
من خۆم چاودێری ناردنی بانگھێشتنامەم دەکرد بۆیان و دڵنیابوومەوە لەوەی کە بانگھێشتکراون. ئەم سیاسەتی سەرکردنە ژێر خۆڵ ھیچ شتێک چارەسەر ناکات. 
مامۆستای بیرکارییەکەم ھەمیشە پێی دەوتین، "گوێرەوییەکانتان ھەڵبکێشن" بە واتای ئەوەی، "گورجوگۆڵبن و باشتربن"،  بەڵام پێموایە حکومەتی ھەرێم پێویستی بەوەیە. کێشە ھەروا چارەسەر نابێت، بە پشتگوێخستنیشیان کێشەکان ناڕۆن، بەڵکو یەکدەگرن و کارەکە قورس دەکەن.
 
لیزێ پۆرتەر: دەربارەی رێگەچارە یاساییەکان، ئایا ھیچ رێگەچارەسەرییەک یان داوایەکی یاسایی ھەیە لەدژی پاتری؟
بافڵ تاڵەبانی: چەندین رێگەچارە ھەیە. راستگۆبم، نامەوێت ئاشکرایان بکەمن، دەستبردن بۆیان لەسەر ئەوە وەستاوە کە چی روودەدات. دەنگێکی ئەرێنی و گەشبین دەبیستم لە پارتییەوە، پێشموایە کە پارتی ئێستا ھەلی ئەوەی ھەیە کە پەیوەندی بە ھەموو حزبەکانی کوردستانەوە بکات. ئەوان ماوەیەک لەمەوبەر کۆنگرەیان ھەبوو لەبەر ئەوە زۆر ئاسان و ئاساییە کە ئەجێندایەکی جیاوازیشیان ھەبێت ئێستا، رێگای جیاواز بەکاربھێنن بۆ مامەڵکردن لەگەڵ لایەنەکان و خەڵک. 
ئەشمەوێت ئەوەیان بەبیربھێنمەوە، کە ئێمە ھەمیشە ئامادەین و ھەمیشە ئامادەبووین، بەڵام تۆپەکە ئێستا لە ساحەی ئەواندایە، ھەموو شتێکمان وت کە پێویستبوو بیڵێین، ھەموو شتێکمان کرد کە دەبوو بیری لێبکەینەوە و ئەنجام بدەین، وەک چۆن لە رابردوودا وامان کردووە. ھەمیشە وازمان لە مافی خۆمان ھێناوە بۆ بەدەستھێنانی چاکەی گشتی و ئامانجە گەورەکان. 
ئێستاش کە یەکێتی زۆر یەکگرتووە، پێموایە بۆ پارتی زۆر ئاسانترە کە مامەڵەی لەگەڵ بکات، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە پێویستە خۆیان ئەو شتەیان بوێت. 
لیزێ پۆرتەر: واتە تۆ دڵنیانیت کە ئەوان ئەو شتەیان بوێت؟
بافڵ تاڵەبانی: لەراستیدا، نەخێر.