ئیمانوێل ماکرۆن و ئیلۆن ماسک لە ئەمریکا کۆبوونەوە

03/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا لە شاری نیوئۆرلیانز چاوی کەوت بە ئیلۆن ماسک خاوەنی تویتەر و داوایکرد تویتەر ھەوڵی جدی بدات لە بواری شەفافیەت و بەھێزکردنی کۆنترۆڵی ناوەڕۆک.

ماکرۆن دوای دیدارەکە لە تویتەر وێنەیەکی خۆی و ماسکی لە مۆزەخانەی  نیوئۆرلیانز بۆ ھونەر بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، لەگەڵ ماسک گفتوگۆیەکی روون و راشکاوی کردووە و جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی ھەوڵدانی جدی تۆڕەکە لە بواری شەفافیەت و بەھێزکردنی کۆنترۆڵی ناوەڕۆک.

راشیگەیاندوە، لەگەڵ دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا  گفتوگۆیان کردوە لەبارەی پرۆژەکانی پیشەسازیی سەوز بۆ داھاتوو وەک بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و باتری.

ئیلۆن ماسکیش لەبارەی دیدارەکەوە تویتێکی کردووە و نوسیویەتی خۆشحاڵە بە پرۆژە سەرنج راکێشەکانی فەڕەنسا.

دیدارەکەی ماکرۆن و ماسک ماوەی سەعاتێکی خایاندووە و کۆشکی ئیلیزێ ھیچ راگەیەنراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی قسەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.