یەدەگی نەختینەی دراو لە بانکی ناوەندی عێراق ٩٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند

02/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، یەدەگی نەختینەی دراو ٩٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بەنیازن ساڵی داھاتووش دراوی ٢٠ ھەزار دیناری چاپ بکەن.

ئیحسان یاسری راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار یەدەگی بانکی ناوەندی ٩٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ئابوری و پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ بەھای دراوی عێراقی.

رونیشیکردەوە، بەھای دراوی عێراقی ١٦٠٪ تێپەڕاندووە و بەھای دیناری عێراقی گەیشتووەتە زیاتر لە دینار و نیوێک.

بە وتەی یاسری، بانکی ناوەندی لە سیاسەتی کلاسیکی کە خۆی دەبینێتەوە لە چاودێری سەقامگیریی و دەرکردنی نەختینە گۆڕدراوە بۆ دامەزراوەیەکی گەشەپێدانی گەورە، بەجۆرێک سندوقی گەشەپێدانی دامەزراندووە کە پارەکەی زیاتر لە ١٨ ترلیۆن دینارە و ھاوکاربووە لە پڕکردنەوەی کورتھێنانەکانی حکومەت.

سەبارەت بە چاپکردنی دراوی ٢٠ ھەزار دیناریش ئیحسان یاسری رایگەیاند، دراوی ٢٠ ھەزاری بە دراوێکی ناوەندی دادەنرێت لەنێوان ١٠ ھەزاری  و ٢٥ ھەزار دیناری و رۆڵی دەبێت لە داڕشتنی پێکھاتەی دراو و پێدەچێت لە کۆتایی ساڵی داھاتوو بکەوێتە بازاڕەوە.