کارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی بودجەی ٢٠٢٣ بەرەو کۆتایی دەچێت

02/12/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پێشبینیدەکرێت رۆژانی سەرەتا و ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو، وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکات.

عەلی بەنداوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تائێستا رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ لە وەزارەتی دارایی لە قۆناغی ئامادەکردندایە، بەڵام کارەکانی گەیشتووەتە کۆتایی و چاوەڕواندەکرێت رۆژانی یەکشەممە یان دوو شەممە، وەزارەتی دارایی پڕۆژە یاساکە تەواوبکات و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکات بۆ ئەوەی دوای گفتوگۆ لەسەری پەسەندبکرێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت.

وتیشی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە ھەرکاتێک پرۆژە یاساکەی بەدەست بگات، کۆبوونەوەکانی چڕبکاتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات پەسەندی بکات و بینێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
خەتیشیکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان تا کۆتایی ئەم مانگە یان ناوەڕاستی مانگی داھاتوو پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق پەسەنددەکرێت.