١٤ حزبی کوردستانی یاداشتێک ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکەن

30/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

چواردە حزبی کوردستانی لە کەرکوک یاداشتێکی ناڕەزایی سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و ئیداری و خزمەتگوزاری پارێزگاکە ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەن.

حزبە کوردستانییەکان لە یاداشتەکەیاندا کە لە حەوت خاڵ پێکھاتووە ئاماژەیان بەوەکردووە، بوونی ژمارەیەکی زۆر بارەگای سەربازی لەناو شارەکەدا بەبێ بوونی ھیچ فەرمانێکی ئەمنی دیاردەیەکی ناشارستانییە و سروشتی مەدەنی شارەکەی نەھێشتووە، ھەروەھا  بەردەوامی ھەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکانیش لە شەواندا بەشێوەی رەسمی و نارەسمی بووەتە ھۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانی گەڕەکە کوردییەکان.

 لە یاداشتەکەدا باس لەوەشکراوە، دەستوەردانی ھێزە سەربازییەکان بۆ لایەنگری نەتەوەیەکی دیاریکراو لەسەر حسابی نەتەوەکانی تر لە دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکان کە بە پێی ماددەی ١٤٠ یەکلاکراونەتەوە، بووەتە مایەی ناکۆکی نەتەوەیی لەنێوان  جوتیارانی گوندەکان. سەرباری ئەوەش دوای وەرگرتنەوەی دەسەڵات و حسابنەکردن بۆ نوسراوەکانی لقی کەرکوکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و بەردەوامی گواستنەوەی کۆبوونی خۆراک لە پارێزگاکانی ترەوە بۆ کەرکوک بووەتە مایەی گۆڕینی دیمۆگرافی شارەکە و ئەستەمە قبوڵ بکرێت.

حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک راشیانگەیاندووە، جیاوازی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەنێوان گەڕەکەکانی شارەکەدا لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە وایکردوە نەتەوەی کورد ھەست بە پەراوێزخستن بکات، ھاوکات گۆڕانکارییەکان لە فەرمانگەکانی کەرکوک لەلایەن پارێزگاری بە وەکالەت ناگونجێت لەگەڵ قەبارەی کورد لە پارێزگاکە و پێویستە پێداچوونەوەی پێدابکرێت.