ئێران داوا لە تورکیا دەکات ھێرشی زەمینی نەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان

30/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە تورکیا دەکات ھێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامنەدات، دەشڵێت، بۆ رەواندنەوەی ترسە ئەمنییەکانی تورکیا با دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریادا بکات.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامدا و بیروبۆچوونیان لەبارەی دواین پێشھاتەکانی سەر سنووری سوریا تاوتوێ کرد.

لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەزیری دەرەوە بە ھاوتا تورکییەکەی وتووە، ئەوان لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و پێویستی چارەسەرکردنیان تێدەگەن، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە بەردەوامی دانووستانی ئەمنی ھەیە لەنێوان تورکیا و سوریا و ئۆپراسیۆنی زەمینی تورکیا نەک یارمەتی چارەسەربوونی کێشەکان نادات، بەڵکو زیانی دەبێت و رەوشەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات، ھەروەھا عەبدوڵاھیان ھەموو ئامادەییەکی ئێرانی بۆ نێوەندگیریکردنی ئەنقەرە و دیمەشق بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی نێوانیان دەربڕیووە.