تورکیا بە چەکی قورس گوندەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات

30/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر گوند و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن و لە ٢٤ سەعاتی رابردووشدا سوپای تورکیا ١٦ گوند و ناوچەی لە شەھبا و شرا و شیراوا بۆردومانکردووە.

ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تورکیا سێ گوندی لەسنووری ناحیەکانی شیراوا و شرا بە چەکی قورس بۆردومانکردووە.

راشیگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا سوپای تورکیا بە ١٨٩ تۆپ و ھاوەن ١٦ گوند و ناوچەی لە شەھبا و شرا و شیراوا بۆردومانکردووە، کە بەھۆیانەوە دوو ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

ھاوکات ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرا-ھەسەدە بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە، پێنججار چەند گوندێکی لەسنووری کۆبانێ بە چەکی قورس و تۆپخانە بۆردومانکردووە.

ئەو ھێرشە ئاسمانییەی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان لە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و رۆژانە تورکیا بە درۆن و لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە گوند و ناوچەکانی کۆبانێ و حەسەکە و تەل رەفعەت دەکاتە ئامانج.