مەزڵوم کۆبانێ: پێویستە روسیا و ئەمریکا ھەڵوێستی توندیان لەدژی تورکیا ھەبێت

30/11/2022
مەزڵوم کۆبانێ
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مەزڵوم کۆبانێ داوا لە ئەمریکا و روسیا دەکات ھەڵوێستی توندیان بەرامبەر تورکیا ھەبێت و تورکیاش کشانەوەی ھەسەدە لە چەند ناوچەیەک دەکاتە مەرجی راگرتنی ھێرشەکانی.

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) رایگەیاند، ھەرچەندە ئەمریکا و روسیا دڵنیاییان پێداون کە دژی ھێرشەکانی تورکیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەڵام دژایەتی تەنھا بە قسە بەس نییە و پێویستی کردار و ھەڵوێستی توندی لەگەڵدا بێت، چونکە تورکیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنورەکان ئەو ناوچانە جێگیرکردووە کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆی و ھاوپەیمانەکانیدان.

ئارام حەنا وتەبێژی ھەسەدەش رایگەیاند، داوای ھاوکارییان لە نوێنەرانی روسیا کردووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا لەپێناو پاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە و کۆبوونەوەکانیشیان لەگەڵ روسیا بەردەوامە و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن.

ئەوەش لەکاتێکدا ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، مەرجی راگرتنی ھێرشەکان کشانەوەی ھەسەدەیە لە مەنبەج و کۆبانێ و تەلڕەفعەت لەگەڵ گەڕانەوەی دامەزراوەکانی حکومەتی سوریا بۆ ئەو ناوچانە.