یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیادا

29/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیادا، بەھۆی بەردەوامی بۆردومان و ھێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین.

"ئورسولا ڤون دیرلاین" سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی زنجیرەیەک سزای نوێ بەسەر روسیادا، کە نۆیەمین زنجیرە سزایە بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێندرێت، لەو کاتەوەی جەنگی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە. وتیشی، ئەو بابەتە خراوەتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی رۆژی دووشەممەی داھاتووەوە.

لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠١٤ەوە، یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر روسیا سەپاندووە بەھۆی لکاندنی نیمچە دوورگەی کریما بە وڵاتەکەیەوە، لەو کاتەوە سزاکان بەردەوام درێژ دەکرێنەوە. 

لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشەوە، یەکێتی ئەوروپا ھەشت زنجیرە سزای دژی روسیا بەھۆی قەیرانی ئۆکراین سەپاندووە، سزاکانیش لایەنی ئابوری دەگرێتەوە و ھێشتا سزا بەسەر کەسایەتییەکاندا نەسەپێندراوە.