لەسەرەتای خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ١١٨ کەس گیانیانلەدەستداوە

28/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوو برینداری دیکەی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانیشەوە تائێستا ١١٨ ھاووڵاتی کورد لە شارە کوردییەکان گیانیان لەدەستدا.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوو برینداری دیکەی خۆپیشاندانەکان کە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان بریندارکرابوون گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان کوڕێکی تەمەن ١٦ ساڵە و خەڵکی گوندێکی سەربە کامێرانە، دوای چەندین رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. ھەروەھا یەکێکی تر لە بریندارەکانی شاری مھابادیش گیانی لەدەستدا.

ھاوکات رێکخراوی ھەنگاو ئامارێکی نوێی خۆپیشاندانەکانی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، ١١٨ کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات گیانیانلەدەستداوە، کە ١٥یان منداڵن و ٧یان ژنن و ٧یشیان لەژێر ئەشکەنجە گیانیانلەدەستداوە، ھەروەھا ٥ ھەزار کەسیش دەستگیرکراون کە ١٥٢ ژن و ١٠٨ منداڵ و ٦٠ خوێندکار و ٢٩ مامۆستای تێدایە.

بە پێی ئامارەکە، خۆپیشاندانەکان ٤٥ شار و ٢٧ زانکۆی گرتووەتەوە و ٣٦ حاڵەتی کوژرانیش لەناو ھێزە حکومییەکانی ئێراندا ھەن.

ھەر لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ھاووڵاتیانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و زیاتر فراوانبوونی ناڕەزاییەکان، حەوت ھاووڵاتی خەڵکی "بڵوناوا"ی سەربە شاری "دێولان" ماوەی ١٠ رۆژە چارەنووس و شوێنی گیرانیان دیار نییە.