نوێنەری مەھاباد داوای بانگھێشتکردنی سەرۆک کۆمار و وەزیری ناوخۆ دەکات بۆ پەرلەمان

28/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەسەر خۆپیشاندان و توندوتیژییەکان، پەرلەمانتارێکی ئێران کە نوێنەرایەتی شاری مھاباد دەکات، داوای بانگھێشتکردنی "ئیبراھیم رەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری ناوخۆ دەکات بۆ پەرلەمان.

"جەلال مەحمود زادە" ئەندامی پەرلەمانی ئێران لەسەر شاری مھاباد داوایکرد، "ئیبراھیم رەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێران و "ئەحمەد وەحیدی" وەزیری ناوخۆ کە سەرۆکی لیژنەی ئەمنیشە، بانگھێشتی پەرلەمان بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، لەسەر بەکارھێنانی توندوتیژی و فیشەک بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، بە تایبەت لە شارە کوردییەکان. 

"مەحمود زادە" راشیگەیاند، لە شارە کوردییەکان ١٠٥ خۆپیشاندەر کوژراون، بۆیە پێویستە ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە بدرێنە دادگا. 

"مەحمود زادە" باسی لەوەشکرد، کە ھێزێکی سەربازی زۆر لە مھاباد و شارەکانی تر بڵاوکراونەتەوە و مەدەنییەکان دەستگیردەکەن، داواشیکرد کۆتایی بەو رەوشە سەربازییە بھێندرێت کە بەسەر شارەکاندا سەپێندراوە.