لە سلێمانی ٨٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروست دەکرێن

27/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پڕۆژەی دروستکردنی ٨٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بۆ کرێنشینان ئاڕاستەی وەبەرھێنان کراوە و بەمنزیکانە دەست بە کارەکانی دەکرێت.

لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان کە بڕیارە بەشێوەی قیستی درێژخایەن بدرێتە کرێنشینان و کەمدەرامەتان. 

بەرھەم سەردار، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەو ٢٠ ھەزار یەکەیە، ھەشت ھەزاریان لە سلێمانی دروست دەکرێن و زەویشیان بۆ دابینکراوە کە بەشێکیان لە نزیک تاسڵوجە و بەشەکەی دیکەش لە تانجەرۆ دەبێت. 

وتیشی، لەئێستادا دەستەی وەبەرھێنان پڕۆژەکەی ئاڕاستەی وەبەرھێنەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانە تاوەکو پڕۆژەکە بدرێتە وەبەرھێنێک و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت کە پێدەچێت لەم ھەفتەیەدا ئەو ڕێکارانە تەواو بێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرکات دەستەی وەبەرھێنان لەگەڵ لایەنەی جێبەجێکاری پڕۆژەکە گەیشتە ڕێککەوتن، ئەوا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت. 

جێی ئاماژەیە، زیاتر لە ٨٠ ھەزار کەس فۆڕمیان بۆ وەرگرتنی یەکەکان پڕکردووەتەوە، بەڵام بەوتەی سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان، لەڕێگەی لیژنەیەکەوە ئەو کەسانەی شایستە نەبن لە لیستەکە دەردەکرێن، چونکە یەکەکان تایبەتن بە کرێنشینان و کەمدەرامەتان.