ھێزەکانی پیشتیوانی دوو دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

21/06/2021
وەزیری پێشمەرگە
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

فەرماندەیی ھێزەکانی یەکەی ۷۰ ی ھێزی پێشمەرگە لەنامەیەکدا بۆ وەزیری پێشمەرگە ئامادەیی پیشاندا ھێزەکانی پشتیوانی دووی یەکەی ۷۰ بخاتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

شۆڕش ئیسماعیل،  وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم، ستایشی بڕیاری گەڕانەوەی ھەردوو ھێزەکانی پشتیوانی (یەک و دوو)ی یەکەکانی حەفتاو ھەشتای کردو، لە روانگەی بەرپرسیاریەتی نیشتمانیی و نەتەوەییش بۆ دروستکردنی ھێزێکی یەکگرتووی سەربازیانەی سەردەمی داوای کرد، لەھەنگاوەکانی داھاتوو سەرجەم ھێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆببنەوە. 


ھەنگاوی گەڕانەوەی ھێزەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەئەنجامی خێراترکردنی پڕۆسەی رێفۆرمی سەربازیە و ئاراستەی کاروانی چاکسازیش لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت. لەسەر ئەو پرسەش  ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، دەستخۆشی لەو ھەنگاوانە کردو رایگەیاند: دۆخی ئێستا و داھاتووی ناوچەکە، پێویستی بە یەککڕیزی و یەکگرتوی ھێزێکی نیشتمانی تۆکمەی پێشمەرگە ھەیەو، ھاوکاری و ھەمەئاھەنگیەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.