ھەدەپە: رێگا بە داخستنی پارتەکەمان نادەین

21/06/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای ئەوەی دادگای دەستوری تورکیا دۆسێنامەی داخستنی ھەدەپەی وەرگرت تاکو کاری لەسەر بکات، ھاوسەرۆکانی ھەدەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دەبوایە دادگای دەستوری دۆسێنامەکەی رەتکردایەتەوە.

پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ھاوسەرۆکانی ھەدەپە لە کۆنفرانسەکەدا وتیان، دادگای دەستوری ھەلێکی مێژوویی لەدەستدا و دۆسێنامەکەش لەلایەن پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستەوە ئامادە کراوە و دواتر لە کۆشکی کۆماری رێکخراوەتەوە و لە کۆتایشدا دراوە بە  داواکاری گشتیی، واتە حکومەت لەپشت ئەم کارەوەیە.


ھاوسەرۆکانی ھەدەپە باسیان لەوەش کرد، گەلی کورد خۆی بەرگری لە ھەدەپە دەکات و ھەدەپەش بە پشتیوانی سەرجەم ھێزە دیموکراسییەکان ئەم ھەوڵە پوچەڵ دەکاتەوە و رێگە نادەن پاشەکشە بە خەباتی دیموکراسییانە بکرێت. وتیشیان ئەگەر دادگای دەستوری بڕیاری داخستنی ھەدەپە بدات ئەوا بڕیاری داخستنی خۆشی دەدات، بەڵام رێگە بەم کارە نادەن.


دادگای دەستوری تورکیا بڕیاریدا دۆسێنامەی داخستنی ھەدەپە وەربگرێت کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئامادە کراوە و تێیدا داوای داخستنی ھەدەپە و قەدەغەکردنی چالاکی سیاسیی لە ٦٠٠ کەسایەتی سیاسیی کورد کراوە.