کۆمپانیای بایۆنتیک: رەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ ڤاکسینی شێرپەنجە بەردەستبێت

18/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆمپانیای بایۆنتیک کە ڤاکسینی کۆرۆنای بەرھەمھێنا دەڵێت، رەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ ڤاکسینی شێرپەنجە بەردەستبێت.

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئوگور شاھین و ئوزلیم تورچی زانایانی کۆمپانیای بایۆنتیکی ئەڵمانی، کاردەکەن بۆ بەرھەمھێنانی ڤاکسینێک دژی نەخۆشی شێرپەنجە، کە رەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەردەستبێت. 

ئەو دوو زانایە رایانگەیاندووە، بەھۆی بەرھەمھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە سەرکەوتوویی کارەکانیان بۆ بەرھەمھێنانی ڤاکسینی شێرپەنجە ئاسانتربووە، چونکە دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا فێریکردن بەشێوەی خێراتر و باشتر ڤاکسین بەرھەمبھێنن لە کۆئەندامی بەرگری لەش کە بە باشی وەڵامدانەوەی بۆ ھەبێت. 

ئەو دوو زانایە کە ھاوسەری یەکن، لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەڵمانیا بەشداربوون لە دامەزراندنی کۆمپانیای بایۆنتیک، پێکەوەش کاریانکردووە لەسەر پەرەدان بە چارەسەرەکان دژی نەخۆشی شێرپەنجە بە تەکنیکی "ئێم ئاڕ ئێن ئەی". دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش لە جیھاندا، کۆمپانیای بایۆنتیکی ئەڵمانی و فایزەری ئەمریکی ڤاکسینی کۆرۆنایان بەرھەمھێنا بە بەکارھێنانی ھەمان تەکنیک.