کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپێک ناکۆکیەکانی نێوان ریاز و واشنتن زیاد دەکات

09/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

شانشینی سعودیە وەڵامی دوایین تۆمەتەکانی ئەمریکا دەداتەوە ، دوای ئەوەی ئۆپێک بەرھەمھێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمکردەوە.

واشنتۆن لەسەر ئاستی باڵا رایگەیاندووە کە لە بەرژەوەندی ئابووری جیھانیدا نییە، و لایەنی ڕووسی لەبەرچاو گرتووە و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش توڕەیی خۆی بەرامبەر بەو بڕیارە دەربڕی، ھاوکات کۆشکی سپیش دووپاتی کردەوە لێکۆڵینەوە لە بەدیلەکانی بەردەست دەکات بۆ وەڵامدانەوەی .

عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە ئەمریکا پەیوەندی بە کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپێک پڵەسەوە نییە، بەڵکو توانای کەمی پاڵاوتنی ئەمریکا لە پشت بەرزبوونەوەی تێچوونەکانە.

ئەلجوبەیر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: "نەوت چەک نییە... ئێمە وەک کاڵایەک سەیری نەوت دەکەین، و سەیری ھەموو ئەمانە دەکەین گرنگن بۆ ئابووری جیھانی کە پشکێکی زۆرمان تیایدا ھەیە وەک سعودیە".

ھەروەھا وتیشی بیست ساڵە ئەمریکا پاڵاوگەی نوێی دروست نەکردووە، و کەمی پاڵاوگە وای کردووە نرخەکان بەرزبێتەوە نەک کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپێک پڵەس.

لە سەرەتای ئەمساڵدا نرخی بەنزینی ئەمەریکا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، و ئەوەش بەھۆی زۆری خواست و توندی پێداویستییەکانی پاڵاوتنی جیھانی، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیران گەیشتە لوتکە، دەستی بە دابەزین کردووە.

نرخی لترێک بەنزین بە ٣.٦٧ دۆلارە، و بیست سەنتی دیکە بەرزبووەتەوە،  ئەمریکییەکان پێیانوایە بڕیارەکەی ئۆپیک رۆڵی گەورەی ھەبووە لە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و غاز.

خەمڵاندنەکانی پیشەسازی ئاماژە بەوە دەکەن کە پاڵاوگەکانی نەوتی ئەمریکا تا سەرەتای ئەم مانگە لەسەدا ٩١ی تواناکانیان بەکارھێناوە، بەڵام بەگشتی توانای پاڵاوتن کەمیکردووە.