خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە بەغداد دەستیپێکردەوە

01/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و یەکێتی ئەوروپاش داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، رێز لە داواکاری خۆپیشاندەران بگرێت.

لە سێیەم ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرین، جارێکی تر خۆپیشاندەران لە بەغداد و شارەکانی دیکەی عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و لە بەغدادیش خۆپیشاندەران دەیانەوێت بگەنە ناوچەی سەوز، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێدەکرێت، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیش، ھێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە چڕیش لە ناوشارەکاندا بەتایبەتی لە بەغداد بڵاوکراونەتەوە.

یەکێتی ئەوروپاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق توندوتیژی لە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەھێنن، چونکە بەکارھێنانی توندوتیژی ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات و پێویستە حکومەتی عێراقیش رێز لە داواکاری خۆپیشاندەران بگرێت.