کازمی داوا لە خۆپیشاندەران دەکات موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بپارێزن

30/09/2022
موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوا دەکات تەقە لە خۆپیشاندەران نەکرێت، خۆپیشاندەرانیش موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بپارێزن.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، جەخت لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکاتەوە، کە دەستوور گەرەنتی جێبەجێکردنی دەکات لە چوارچێوەی یاسادا.

مستەفا کازمی داوای لە خۆپیشاندەران کرد، ھاوکاریی ھێزە ئەمنییەکان بکەن، لە پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، داواشی لە ھێزە ئەمنییەکان کرد، پارێزگاریی لە خۆپیشاندەران بکەن و رایگەیاند، تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و ھەر رێگەیەکی نایاسایی بەرامبەر خۆپیشاندەران قەدەغەیە.