ھەپەگە: شەش سەربازی تورکیا لە ھەرێم کوژران

30/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھەپەگە رایگەیاند، لە چالاکی ھێزەکانیاندا شەش سەربازی سوپای تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کوژران، کە یەکێکیان ئەفسەری پلە باڵایە.

لە نوێترین بڵاوکراوەیدا ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی ھەپەگە رایگەیاند، رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ھێزەکانی ھەپەگە لە چەند کات و شوێنێکی جیا جیا ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران، یەکێکیان ئەفسەری پلە باڵایە.

راشیگەیاند، سوپای تورکیا لە ماوەی سێ رۆژدا  ٢٦ جار بە چەکی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی و ٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٧٤ جاریش بە ھێلیکۆپتەری جەنگی بۆردومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ١٥ تا ٢٩ی ئەیلول، شەش ناوچە و شاخی سنوری برادۆست لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە کاتیوشا و ھاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردومان و تۆپباران کران.