ئێران ھۆشداریدایە ئەمریکا لە بەئامانجگرتنی درۆنی وڵاتەکەی

30/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سوپاسالاری ئێران ھۆشداریدایە ئەمریکا لە بەئامانجگرتنی درۆنەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە و ھەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد، ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە ئەمریکا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە نزیک ھەولێر راگەیاند.

محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، تۆمەتەکانی ئەمریکا لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، ئاماژەیە بەوەی کە ئەمریکا ھاوپەیمانی جوداخوازەکانە، وتیشی، ئەگەر واشنتۆن رێکار دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تاران بگرێتەبەر، ئەوا ھێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامیان دەبێت.

سوپاسالاری ئێران ھۆشداری بە ئەمریکادا و وتی، ئەگەر لە بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانەوە، دوژمنکاریی بەرامبەر ئێران و ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بکرێت، وەڵامی ئەو بنکانە دەدەنەوە و زانیاری ورد و تەواویشیان لەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە ھەریر و ھەولێر و دھۆک ھەیە.

چوارشەممەی ڕابردوو و دوای بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێم، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ھێزەکانیان درۆنێکی ئێرانیان خستووەتەخوارەوە، کە ئاڕاستەی ھێزەکانیان لە ھەولێر کرابوو.