پوتن چوار ھەرێمی ئۆکراینی خستەسەر خاکی روسیا

30/09/2022
ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیای فیدڕال.
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا، لکاندنی چوار ھەرێمی ئۆکراینی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی راگەیاند، وتیشی، ئەوەی پێیان بکرێت بۆ پاراستنی خاکەکەیان دەیکەن.

لە رێوڕەسمێکدا لە مۆسکۆی پایتەخت بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای روسیا و حاکمی چوار ھەرێمەکە، ڤلادیمیر پوتن پەیماننامەی لکاندنی ھەرێمەکانی "لۆھانسک و دۆنێتسک و زاپۆریژیا وخێرسۆن"ی بۆ سەر روسیا ئیمزا کرد، ئەوەش لەبەر رۆشنایی ئەنجامەکانی ئەو راپرسییەی کە لە رۆژانی ٢٣ بۆ ٢٧ی ئەم مانگە لەو چوار ھەرێمەی ئۆکراین بەڕێوەچوون.

سەرۆکی روسیا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ھەرێمەکانی"لۆھانسک و دۆنێتسک و زاپۆریژیا و خێرسۆن،" بوون بە بەشێک لە روسیای فیدڕاڵ، و چوونی ئەو ناوچانە بۆ سەر خاکی روسیا گوزارشت لە بڕوای ملیۆنان کەس دەکات، چونکە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بڕیاری گەڕانەوەیان داوە  بۆ سەر خاکی روسیا و مۆسکۆش ھەرچی پێبکرێت بۆ پاراستنی خاکەکەی دەیکات.