فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسداران: ژینا ئەمینی زەبر بەر سەری کەوتووە

30/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت، بە پێی ئەنجامی پشکنینەکانی پزیشکی داد، ( ژینا ئەمینی) زەبر بەر سەری کەوتووە کە بۆتە ھۆی لەھۆشچوون و گیانلەدەستدانی.

محەمەد باقر بەختیار فەرماندەی سوپای پاسداران لە جەنگی ئێران- عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوەکردوە، پزیشکی داد لە پشکنینەکانی بۆ تەرمی ژینا ئەمینی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ژینا لەکاتی دەستگیرکردنیدا تووشی خوێنبەربوونی ناوخۆیی بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی ( کەسرە) لە تاران کراوە، بەڵام لێدانی زەبر لەسەری تووشی لەھۆشچوونی کردووە و بووەتەھۆی گیانلەدەستدانی.

ئاشکراشیکردووە، ئەو زانیارییانە لە ناو حکومەت و کەسانی بەویژدان دزەی پێکراوە.

پێشتریش "ئیبراھیم رەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ھەمووان بۆ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خەمبار بوون، ھیچ کەسیش پێویست ناکات لە دەربڕینی بیروڕاکانی بترسێت. وتیشی، لە چەند رۆژی داھاتوودا راپۆرتێکی پزیشکی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ژینا دەردەچێت.