وەزیری نەوتی عێراق: ئەگەر سکاڵاکان دژی تورکیا ببەینەوە ٣٠ ملیار دۆلار قەرەبوو دەکرێینەوە

27/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"ئیحسان عەبدولجەبار" وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، جیاوازی ھەیە لە گرێبەست و دەرھێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ھەرێم و وردبینی لە گرێبەستەکاندا دەکەن.

"ئیحسان عەبدولجەبار" لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوریی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان دادپەروەرانە بووە، بەڵام بڕیارەکەیان سەبارەت بە ھەڵوەشانەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، پیشەسازی نەوتی لە وڵاتەکە تێکدا. 

وتیشی، داوایانکردووە وردبینی بۆ گرێبەستەکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم بە دەم ئەو داواکارییەوە نەھاتوون و دوو دڵن، دەشڵێت، جیاوازی گەورە ھەیە لە گرێبەست و بڕی دەرھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم.  
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە "بای حەسەن" بە پێنج دۆلار و نیو دەگاتە سەر بارھەڵگرەکانی فرۆشتن، بەڵام تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم دەگاتە ٤٠ دۆلار.
"ئیحسان عەبدولجەبار" سەبارەت بەو سکاڵایانەش کە دژی تورکیا تۆمارکراون لە دادگا نێودەوڵەتییەکان وتی، ئەگەر سکاڵاکان ببەنەوە، بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار لەلایەن تورکیاوە قەرەبوو دەکرێنەوە.