پەرلەمانتاران گومانیان لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی حەلبوسی ھەیە

26/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ھەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا رۆژی چوارشەممەی دیاریکرد بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی بۆتە جێی سەر سوڕمانی پەرلەمانتاران و سەرکردە سیاسییەکان ، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەیە کە دەنگدانە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی خودی حەلبوسی.

 مەحمود حەیانی سەرکردەی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، دەستلەکارکێشانەوەی حەلبوسی چەند ھۆکارێکی ھەیە، لەوانە نەھێشتنی شەرمەزاریەتی لە بەردەم موقتەدا سەدر و دەیەوێت وای پیشاندەدات بەشێک نیە لە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ھەروەھا ھەڵھاتنە لە پێکھێنانی ھەر حکومەتێک لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە.

ھەروەھا جەمال کەربولی  سەرۆکی پارتی حەل کە پارتێکی سونەیە لە تویتێکدا رەخنەی توندی لە حەلبوسی گرتووەو  نوسیویەتی، وەسوەسەی شەیتان دەگاتە لوتکە کاتێک کارێکی باش دەکاتە ئامرازێک بۆ  گەیشتن بە ئامانجە خراپەکانی، ئامانجی دەستلەکارکێشانەوەکەش وەرگرتنی گەرەنتییە لە ھاوپەیمانێتییە نوێکە. کەربولی دەستلەکارکێشانەوەکە بە ئەسپی تەروادە ناودەبات.

سەبارەت بە ھەڵوێستی سەدرییەکانیش لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حەلبوسی ، عیسام حەسەن، سەرکردەیەکی رەوتی دەڵێت، دەستلەکارکێشانەوەکە پەسەند ناکرێت لەبەرئەوەی پێشوەخت حەلبوسی رێککەوتنی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کردوە ، وتیشی، حەلبوسی دەیەوێت لەو رێگەیەوە شەرمەزارییەکەی لەبەردەم سەدر و جەماوەرەکەی نامێنێت کە پێشتر رەتیکردۆتەوە ھاوپەیمانی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی بکات. بەوتەی سەرکردەکەی رەوتی سەدر دەستپێکردنی بەڕێوەبردنی وڵات بەو نەزانییە سەرەتای دەستپێکی وێرانەیە.

جاسم موسەوی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش رایگەیاند، راگەیاندنی وادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەو رێگەیە لەناکاو بووەو ھەموان گومانیان دەکرد دانیشتنی داھاتوو بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان دواتر بڕیاری گرنگ لە لایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بدرێت ، ئەو پەرلەمانتارە بەدووریشی نازانێت رێککەوتن دەربارەی دەستلەکارکێشانەوەی حەلبوسی ھەبێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێک بە رەسمی رووننەکراوەتەوە ، ئەگەر کۆبوونەوەکەش بەو جۆرە بکرێت  پێکھاتەی پرۆسەی سیاسی و  پێکھێنانی حکومەتی نوێ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.