لە ئەمریکا ٤٥ ملیار دۆلار لە یارمەتی بێکاری، بە گەندەڵی براوە

25/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی کار لە ئەمریکا ڕایگەیاند، زیاتر لە ٤٥ ملیار دۆلار لە یارمەتی بێکاری و لەکاتی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی ساختە چووەتە سەر ھەژماری بانکی ئەو کەسانەی کە شایەنی نەبوون پێیان بدرێت.

بەپێی راپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتی وەزارەتەکە، دەریخستووە لەنێوان مانگی ئازاری ٢٠٢٠ تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢، بەگشتی ٤٥.٦ ملیار دۆلار وەک یارمەتی بێکاری بە شێوەیەکی ساختە خەرجکراوە.
تا ئێستا زیاتر لە ھەزار کەس بە تۆمەتی تێوەگلانییان لەم ساختەکاریانەدا تۆمەتبار کراون.

لاری تێرنەر پشکنەری گشتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ژمارەکان "ڕادەی کێشەکە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئاستێکی بێ وێنەی ساختەکاری ئەنجامدراوە".

پەتای Covid لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ ئابووری ئەمریکای وێران کرد، لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کارمەند لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

حکومەتی فیدراڵی بنکەی وەرگرانی یارمەتی بێکاری فراوانتر کرد، بەھا و ماوەی ئەم یارمەتییانە زیادی کرد.

نووسینگەی پشکنەری گشتی رایگەیاندووە، "لە ماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە ٥٧ ملیۆن بێکار تۆمارکراون".

بەڵام لێشاوی داواکارییەکان کەلێنێکی بۆ ساختەکاران کردەوە لە کاتێکدا حکومەتەکانی ویلایەتەکان کە بەرپرسیارن لە پێدانی یارمەتی بێکاری کێشەیان ھەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ "زیادبوونی گەورەی ژمارەی داواکارییەکانی یارمەتی بێکاری و دڵنیابوون لەوەی کە بڕی گونجاو دەدەن بە کەسی گونجاو".

ساختەکاران یارمەتی بێکارییان وەک دەروازەیەک بۆ گەندەڵی فراوانکرد ، بە تایبەت بە داواکردن لە زیاتر لە ویلایەتێک، یان بە ئیستغلالکردنی ناسنامەی کەسانی مردوو یان زیندانیکراو.

لە راپۆرتەکەدا ھاتووە بەشەکانی وەزارەت "ھەنگاوی پێویستیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی" ئەو راسپاردانەی کە لە فەرمانە جیاوازەکانی ڕێنماییدا دەرکراون.