بەریتانیا بۆ پڕکردنەوەی دەستی کار وەرگرتنی کۆچبەران ئاسان دەکات

25/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"لیز ترەس" سەرۆکی وەزیرانی نوێی بەریتانیا، کاردەکات بۆ وەرگرتنی کۆچبەری زیاتر بۆ پڕکردنەوەی دەستی کار و بوژاندنەوەی ئابوری.

رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، "ترەس" فشاری زۆری دروستکردووە بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابوری و دەیەوێت ئەو بۆشاییەی لە دەستی کار دروست بووە، بە وەرگرتنی کۆچبەران و پەنابەران پڕ بکاتەوە. 
سەرچاوە حکومییەکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، لە ئێستادا وەزیرەکان تاوتوێی وەرگرتنی کرێکاری زیاتر دەکەن، بە تایبەت ئەوانەی لە ٥٠ یاخود ١٠٠ باشترین زانکۆکانی جیھان خوێندوویانە.  

دەشڵێن، کارگە گەورەکانی بەریتانیا بە دەست کەمی ژمارەی کرێکاری بیانییەوە دەناڵێنن و داوایان لە "ترەس" کردووە سیستمی پێدانی ڤیزەی کار بە ھاووڵاتیانی بیانی ئاسان بکات، چونکە کەمی دەستی کار بواری پەرستاری و کشتوکاڵ و گەشتیاری و چەندین بواری تری گرتووەتەوە. 

 مانگی رابردوو، ٢ ملیۆن ھەلی کار لە بەریتانیا راگەیەندرا، کەرتی چاودێری کۆمەڵایەتیش ھەوڵی پڕکردنەوەی ١٠٥ ھەزار ھەلی کار دەدات، پیشەسازی کشتوکاڵیش داوای پێدانی ٣٠ ھەزار ڤیزای کردووە بۆ کرێکارانی وەرزی.