تەندروستی جیهانی بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆلێرا هاوكاری تەندروستی گەیاندە سوریا

20/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆلێرا، رێکخراوی تەندروستی جیھانی ٣٠ تۆن ھاوکاری تەندروستی رەوانەی سوریا کرد و دەڵێت دەیگەیەننە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیش.


"ئەحمەد مونزەری" بەڕێوەبەری ھەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، فڕۆکەیەک بە نزیکەی ٣٠ تۆن ھاوکاری و پێداویستی تەندروستییەوە گەیشتووەتە "دیمەشق" و ھاوکارییەکانیش بە یەکسانی و بەپێی پێویستی دابەشدەکرێن.

وتیشی، ھاوکارییەکان دەگەیەندرێنە ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی چەکداردایە، ھەروەھا دەیگەیەننە باکوری رۆژھەڵاتی وڵاتەکە کە لەژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سوریای دموکرات و ئەمریکادایە.  

تەندروستی جیھانی ھۆشداریشیدا لەوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سوریا ھەڕەشەیەکە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ھەموو جیھان. 

بەپێی دوایین ئامارەکانیش کە لەلایەن لێپرسراوانی تەندروستی سوریاوە بڵاوکراوەتەوە، تائێستا ٥ کەس بەھۆی تووشبوونیان بە کۆلێرا گیانیانلەدەستداوە و نزیکەی ٢٠٠ حاڵەتیش لە پارێزگا جیاوازەکان تۆمارکراوە. 

نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی تەندروستی سوریاش دەڵێن، ھۆکاری بڵاوبوونەوەکەی کۆلێرا دەگەرێتەوە بۆ خواردنەوەی ئاوی پیسی روباری فورات. 

بڕیارە رۆژی چوارشەممەش فڕۆکەیەکی دیکەی ھاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیھانی بگەیەندرێتە سوریا.