کۆلێرا لە چەند ناوچەیەکی سوریا بڵاودەبێتەوە

13/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆلێرا لەچەند ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بڵاودەبێتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای رێوشوێنی بەپەلە دەکات بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە.

رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، لە ٢٥ی مانگی رابردووەوە ھەشت حاڵەتی گیان لەدەستدان بە پەتای کۆلێرا لە سوریا تۆمارکراون.

ھاوکات نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا رایگەیاند، پەتاکە لەچەند ناوچەیەکی سوریا بڵاوبووەتەوە و ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر سوریا و ناوچەکە، داواشیکرد، رێکاری بەپەلە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە لە سوریا بگیرێتەبەر.

سەرەتای ئەم ھەفتەیە دەستەی تەندروستی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆبەڕێوەبەری، سێ حاڵەتی گیان لەدەستدانیان بەپەتاکە پشتڕاستکردووەتەوە و ئاستی تووشبوون بە کۆلێرا لە شارەکانی رەققە و دەوروبەری دێرەزوور زۆرن.