نرخی نەوت نزیکەی یەک دۆلار بەرزبووەوە

08/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نرخی نەوتی برێنت نزیکەی یەک دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٨ دۆلار و ٨٢ سەنت، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ زیاتر لە ٤ دۆلاری بەھاکەی لەدەستداو گەڕایەوە بۆ ھەمان نرخی پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین و روسیا.

ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٨٢ سەنت واتە نزیکەی ٠.٩٣% بەرزبۆوە و بە ٨٨ دۆلار و ٨٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ھاوکات نرخی نەوتی تەکساس ٨٥ سەنت رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە ٨٢ دۆلار و ٨٤ سەنت. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ھەڕەشەکانی "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا بوو کە رایگەیاند، ھەناردەی نەوت و غازی وڵاتەکەی رادەگرێت ئەگەر بێتو کڕیارانی ئەوروپی کۆت و بەند لەسەر نرخەکان دابنێن. 

دوێنێ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیھان بۆ ٨٨ دۆلار و ٤٣ سەنت دابەزی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسیش ٤% بەھاکەی لەدەستداو بۆ ٨٢ دۆلار و ٣٣ سەنت دابەزی و گەڕایەوە بۆ ھەمان نرخی پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین و روسیا.