مانگی داھاتوو ئۆپیک ڕۆژانە ١٠٠ ھەزار بەرمیل لە بەرھەمی ئەندامەکانی کەمدەکاتەوە

05/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رێکخراوی ئۆپیک ئاشکرایکرد، ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس کە ڕوسیا سەرکردایەتی دەکات، ڕێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی بڕی ١٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەو بڕەش پشکی کەمکردنەوەی عێراق ١٢ ھەزار بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە ڕێکخراوی ئۆپیک لەسەری ڕێککەوتووە، پشکی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەم چوار ملیۆن و ٦٥١ ھەزار بەرمیل دیاریکراوە، بڕی کەمکردنەوەکەش ١٢ ھەزار بەرمیل دەبێت لە مانگی ئەیلودا.

لەناو ڕێکخراوی ئۆپیک عێراق بە دووەم وڵاتی بەرھەمھێنی نەوت دێت لە دوای سعودیە و لەناو ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەسیش بەسێھەم وڵاتی بەرھەمھێنی نەوت دێت لە دوای سعودیە و ڕوسیا.

بە گوێرەی بڕیارەکەی ئۆپیک، پشکی ھەریەکە لە سعودیە و ڕوسیا بە ١١ ملیۆن بەرمیل دیاریکراوە، بەرھەمی ڕۆژانەی ھەریەکەشیان بەبڕی ٢٦ ھەزار بەرمیل کەمدەکرێتەوە.