بافڵ تاڵەبانی : پشتیوانی و ھەماھەنگی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی رێکخراوە مرۆییەکان دووپاتدەکەینەوە

15/06/2021
بافڵ تاڵەبانی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ژان ژیرۆم، سەرۆکی خاچی سوری نێودەوڵەتی لە عێراق و گفتوگۆیان لەبارەی چالاکییە مرۆییەکان و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و زاڵبوون بەسەر گرفتە ژینگەییەکان و کەمبوونەوەی ئاو و بەرنامەو پلانی ڕێکخراوەکە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد .

ھاوکات ھەر  لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی بەگرنگییەوە لەکارەکانی خاچی سوری نێودەوڵەتی رووانی لە خزمەتکردن و پێشکەشکردنی ھاوکاری و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارەکان و ئەو خێزانانەی بەھۆی باردۆخی عێراقەوە زیانیان بەرکەوتووە. داواشیکرد لەکار و ھەنگاوەکانیان بەردەوامبن لەخزمەتکردن بە ژینگە و کارە مرۆییەکان و رۆڵی زیاتربگێڕن لەچارەسەرکردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتە مرۆیی و ژینگەییانەی دووچاری عێراق و ھەرێم و ناوچەکە بوونەتەوە.


ھاوسەرۆک پشتیوانی و ھەماھەنگی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی رێکخراوە مرۆییەکان دووپاتکردەوە بۆ دانانی ستراتیژی نوێ بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و زیاتر خزمەتکردن بەکایەکانی کۆمەڵگا و ھەماھەنگی رێکخراوەکانیشی بەگرنگ زانی بۆ خزمەتکردنی ئەو خەڵکانەی پێویستیان بەھاوکاری و ئاوڕدانەوەیە.