لە دھۆک نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری تۆشبووانی شێرپەنجە دروست دەکرێت

18/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

حکومەتی ھەرێم بڕیاریدا نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری تۆشبوانی شێرپەنجە لە دھۆک دروست بکات.

وەفدێکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم و بەڕێوەبەری سندوقی پاڵپشتی شێرپەنجە و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک کۆبونەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دھۆک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەکەدا پێشنیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە لە دھۆک پەسەندکراوە.

لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی و نەخۆشخانەی نانەکەلی لە ھەولێر بۆ چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە ھەیە. بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ھیوا، رۆژانە زیاتر لە ھەزار کەس بە مەبەستی پشکنین سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن و زیاتر لە ٢٥٠ کەسیش رۆژانە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن.