ئەردۆغان پێشنیازی بۆ زیلینسکی کردووە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ پوتن بکات

18/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئۆکراین و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە شاری لڤیڤی ئۆکراین کۆبوونەوە، ئەردۆغانیش، پێشنیازی دانوستانی راستەوخۆی لە نێوان سەرۆکانی روسیا و ئۆکراین کردووە.

ئەردۆغان و زیلینسکی و گۆتێرێس، ھەوڵەکانی راگرتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین و مەترسییەکانی سەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا و ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین بۆ بازاڕەکانی جیھان، تاوتوێ کرد، دوای کۆبوونەکەش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند.

قەیرانی جیھانیی خۆراک بەبێ گەیشتنی بەرھەمە خۆراکییەکانی روسیا و ئۆکراین بە بازاڕەکان چارەسەر نابێت و لە مانگی رابردووشدا، ٢١ کەشتی پڕ لە گەنم بەندەرەکانی ئۆکراینیان جێھێشتووە، داواشی کرد، ھەمووان گەرەنتی سەرکەوتنی رێککەوتننامەی ھەناردەکردنی گەنمی ئۆکراین بکەن، وتیشی،  پێویستە چەک و سەربازەکان لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا بچنە دەرەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش، رایگەیاند، تورکیا ئەوەی پێویست بێت دەیکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراین، پاڵپشتیی لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئۆکراینیش دەکەن، وتیشی، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی ئۆکراین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، ھەروەھا سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، پێویستە روسیا بە خێرایی لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا بکشێتەوە و بۆردومانکردنی رابگرێت، وتیشی، دانوستان لەگەڵ روسیا ئەستەمە، مەگە روسیا لەو ناوچانەی لە خاکی ئۆکراین داگیریکردوون بکشێتەوە.

پێش دەستپێکردنی ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، بە جیا لەگەڵ گۆتێرێس و ئەردۆغان کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکان ئەردۆغان پێشنیازی بۆ زیلینسکی کردووە، دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بکات.