وەزیرەکەی سەدر لەبارەی کۆبوونەوەکەی لایەنە سیاسییەکان روونکردنەوە دەدات

18/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەسەر کۆبوونەوەکەی دوێنێ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، وەزیرەکەی سەدر رایگەیاند گرنگی پێنادەن و ھیچ بڕیارێکیشی لەبەرژەوەندی گەل تێدانەبوو.

ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی لەسەر داواکاری کازمی لایەنەکانی کۆکردەوە، ھیچ بڕیارێکی لە بەرژەوەندی گەل تێدانەبوو. 

وتیشی، زۆرینەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تەنھا گرنگی بەمانەوەی پۆست و دەسەڵاتیان دەدەن و ھەوڵیاندا شۆڕش بچوک بکەنەوە و لە داواکارییە راستەقینەکان دووربکەونەوە. 

وەزیرەکەی سەدر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەوان ئەو کۆبوونەوەیەیان بکردایە تۆمەتباردەکران بەوەی کە بە فشاری دەرەکی  و ئەمریکا بووە، بۆیە گرنگی بەو کۆبوونەوە نھێنییە نادەن و داواشی کرد ھێندەی دیکە گەل نەترسێنن لە پڕۆسەی دیموکراتی. 

ساڵح محەمەد عێراقی داوای لەو لایەنانەش کرد، ئەگەر دەیانەوێت کورسییە بەتاڵەکان پڕبکەنەوە، پێویستە دانیشتنێکی کراوە و راستەوخۆ لەبەردەم گەلدا بکەن، چونکە گەل ھیچ سودێک لە کۆبوونەوە نھێنی و داخراوەکان نابینێت و ھیچ نیەتێکی خێر لە گفتوگۆکان نەبووە و کۆبوونەوەکە شکستیھێناوە.